ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان رێگری لە رووسیا دەكات

مەسەدە: دەبێ لە نێوان ھێزەكانی رووسیا و ئەمەریكا لێكتێگەیشتن ھەبێت
kurdistan24.net

K24 - قامیشلۆ

هێزه‌كانی ئه‌مریكا لە رۆژئاوای كوردستان، رێگری له‌ هێزه‌كانی رووسیا ده‌كه‌ن و ناهێڵن بچنه‌ نێو ناوچه‌ نه‌وتییه‌كان، ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكرات (مەسەدە)یش له‌ باره‌ی ئه‌و رووداوه‌ پێیی وایه‌، كه‌ ئه‌مەریكا ده‌یه‌وێت كێشه‌ بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی له‌ سووریا دروست بكات، ئه‌نه‌كه‌سه‌ش رای وایه‌ پێویسته‌ كورد له‌م پرسه‌دا خاوه‌ن هێز بن.

چەندین جارە ھێزەكانی ئەمەریكا رێگری لە ھێزەكانی رووسیا دەكەن، كە دەیانەوێت بچنە رۆژھەڵاتی قامشلۆ، بەتایبەتی لە ناوچە نەوتییەكان. ھەموو ئەو ھێزانەی لە رۆژئاوای كوردستانن، دەیانەوێت دەسەڵاتی زیاتریان لەو ناوچانە ھەبێت، كە كێڵگە نەوتییەكانی لێیە.

ریاز ده‌رار، ھاوسەرۆكی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكرات (مەسەدە) بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا كەس ناتوانێ باسی چارەسەری لە سووریا بكات، چونكە ئەمەریكا پەكی دەخات، ھێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچە نەوتییەكانن، ئەمەش ئامرازێكە لە پەكخستنی چارەسەری، بۆیە دەبێ لە نێوان ھێزەكانی رووسیا و ئەمەریكا لێكتێگەیشتن ھەبێت".

ھەر پەیوەست بەو پرسە، فه‌یسه‌ڵ یوسف، ئەندامی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) دەڵێ: "پێویستە لە نێوان ئەو ململانێیانەدا ئێمەش وەك كورد بەرژەوەندیی خۆمان رەچاو بكەین، بۆ ئەوەی ئەوانەی دەیانەوێت كێشەكانی سووریا چارەسەر بكەن، بزانن كورد لایەنێكی سەرەكییە و بێ كورد ھیچ كێشەیەك چارەسەر ناكرێت".

ھ.م