پرسی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێتە گرێ كوێرە

سەدر و فەتح لەسەر گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رێكدەكەون
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

هاوپەیمانێتی سائیروون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر تێپەڕاندنی قەیرانی کوتلەی گەورەی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، کە کار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە رێککەوتوون.

بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوانیان کاندیدەکان لەلایەن هاوپەیمانێتی فەتح پێشنیاز دەکرێن و کورد و سوونەش رۆڵیان لە یەکلایی کردنەوەی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی ئەو وڵاتە دەبێت.

رۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە "موقتەدا سەدر و هادی عامری لەسەر تێپەڕاندنی قەیرانی کوتلەی گەورەی پەرلەمانی و پێشنیازکردنی چەند کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق رێککەوتوون، لەنێو کاندیدە پێشنیازکراوەکاندا هەریەک لە عەلی شوکری، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق  و محەمەد عەلاوی هەن".

بەهۆی رێگرییەکانی خۆپیشاندەران و دواتریش دژایەتیکردنی هاوپەیمانێتی سائیروون بەرامبەر بەو کاندیدانەی پێشکەش بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کراون. سەرۆک کۆمار ئامادەنەبووە رایانبسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام بەگوێرەی رێککەوتنەکەی سەدر و عامری کاندیدەکان لەلایەن هاوپەیمانێتی فەتح بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پێشنیاز دەکرێن و پێش ئەوەی رادەستی سەرۆک کۆماریش بکرێت، ئاراستەی هەردوو پێکهاتەی کورد و سوننە دەکرێن، بۆ ئەوەی کەسێکی شیاو دیاری بکەن.

سائیروون و فەتح لە رێککەوتنەکەیاندا جەختیان لە یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆک وەزیران لە چەند رۆژی داهاتوودا کردووەتەوە، هەروەها حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی کاتی دەبێت و ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکوەزیرانیش کار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات.

لە کۆتایی مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو عادل عەبدولمەهدی، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆک وەزیران راگەیاند، تاوەکو ئێستاش بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەتواندراوە کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە رابسپێردرێت.

ھ.م