74 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت

لەبیرەوەری کوردستانیاندا بە زیندویی ماوەتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ ‌74 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد تێدەپەرێت،. لە 22ی کانوونی دووەمی ساڵی 1946 پێشەوا قازی محەمەد، لە گۆڕەپانی چوارچرای مەهاباد کۆماری كوردستانی راگەیاند، ئەگەرچی تەمەنی کۆمارەکە کورت بوو، بەڵام لەبیرەوەری کوردستانیاندا بە زیندویی ماوەتەوە.

كۆماری كوردستان، كۆمارێكی ساوا، بەڵام بە بڕشت كە دەیان تایبەتمەندی و سیمبوڵی بۆ گەل  جێھێشت. لە 22-ی كانوونی دووەم یان 2ی رێبەندان پێشەوا قازی محەمەد و ھاوڕێكانی لە چوارچرای مەھاباد كۆماری دیموكراتی كوردستانیان راگەیاند، بە راگەیاندنی كۆمارەكە و لاپەڕەكانی رۆژنامەی زمانحاڵی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئەو كاتەوە، دیارە كە كۆمارەكە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە. ئەو خەونەی ھەموو ناسیۆنالیستێكی راستەقینە ئەو كاتیش ھەیبوو، ھەر بۆیە مەلا مستەفا بارزانی نەمر و سەدان پێشمەرگەی بارزان لەو كۆمارەدا بەشداربوون، بارزانی نەمر كۆڵەكەیەكی دیار و پێشمەرگەكانیش پارێزەرەكی كردارەكی كۆمارەكە بوون.

لە دوای شەڕی دووەمی جیھانی مانگی ھەنگوینی ئەمەریكا و بەریتانیا لەلایەك و یەكێتی سۆڤییەت لەلایەكی دیكەوە كۆتایی پێھات، دوای لەناوبردنی ھیتلەر ویستیان بەشی خۆیان لەدوای شەڕەكە بەڕ بكەوێت، ئەوەش وایكرد كە سوپای سوری سۆڤییەت لە باكوور و رۆژئاوای ئێران بمێنێتەوەو بەریتانیا و ئەمەریكییەكانیش لە باشوور و ناوەڕاستی ئێران مانەوە، ئەوەش بۆشاییەكی لە بەشێك لە رۆژھەڵاتی كوردستان دروستكرد، كە دەرفەتێك نەبوو كە پێشەوا قازی محەمەد لە كیس خۆی بدات، ھەربۆیە لە 22-ی كانوونی دووەمی ساڵی 1946 بە بەشداری مەلا مەستەفا بارزانی و زۆربەی كەسایەتییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان كۆمارەكەی بە فەرمی راگەیاند.

كۆماری كوردستان جگە لە گرنگیدان بە پەروەردەی كوردی و زانستی ھاوكات بۆ یەكەمجار دەیان رێكخراوی مەدەنیشی دروستكرد، قازی  محەمەد و یاوەرەكانی سەرقاڵی پتەوكردنی بنەماكانی كۆمارەكەی و بەرفراوانكردنی دەسەڵاتی بۆ ناوچەكانی دیكەی كوردستان بوون، كە یەكێتی سۆڤییەت و ئێران لەسەر ئیمتیازی نەوتی باكوور رێكەوتن، سوپای سوور لە كوردستان كشایەوە، ھەندێك سەرۆك عەشیرەت ناپاكیان لە پێشەوا كرد، ئەوەش وایكرد كە دوای 11 مانگ كۆمارەكە لەناوبچێت و جوانەمەرگ بێت. ئەو چیرۆكە بە لە سێدارەدانی پێشەواوە كۆتایی پێنەھات، ئاڵای كوردستان رادەستی بارزانی نەمر كرا بۆ ئەوەی لەھەر پارچەیەكی كوردستان دەرفەتێك ھەبوو جاری سەربەخۆی لێبدرێت، ئێستاش ئاڵاكە لە دەستێكی ئەمیندایە و ئەوەش خەونە گەورەكەی بە زیندووی ھێشتووەتەوە.