گرانی و كەمی دەرمان كێشە بۆ رۆژھەڵاتی كوردستان دروست دەكات

كاریگەری گەمارۆكان بە بازاڕی دەرمانەوە دیارە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە شاری ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان، نرخی ھەندێك دەرمان بە رادەیەك گرانبووە كە پرۆسەی چارەسەری بۆ ھەندێك لە ھاووڵاتیان ئەستەم كردووە، ئەوان داوا لە حكوومەت دەكەن كە دەرمانیان بۆ دابین بكات یان لانیكەم چاودێری بازاری دەرمان بكات.

نەخۆشكەوتن ئازارێك و كەمی یان گرانی دەرمانیش ئازارێكی دیكەیە، كە ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان لەگەڵی بەرەوڕوون، ئێستا چارەسەری ھەندێك نەخۆشی كۆشندە دەست ناكەوێت، یان بە رادەیەك گرانە كە ھەموو كەس توانای دابینكردنی نییە، ئەگەرچی بەشێك لە ھاووڵاتیان بیمەی تەندروستیان ھەیە، بەڵام كەمی دەرمان لە بازاڕ وایكردووە كە بیمە نەیگرێتەوەو ھەمووان دەبێ بە ئازاد بەدوایدا بگەرێن.

ھەرچەندە بەشێكی زۆر لە دەرمانی ئێران بەرھەمی ناوخۆیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نرخەكان بەرادەیەك بەرزبوونەتەوە كە بەردەوامبوون لە پرۆسەی چارەسەری بۆ بەشێك لە ھاووڵاتیان ئەستەم كردووە، لەگەڵ ئەوەش ئەگەرچی ئەمەریكا دەڵێ كەرتی تەندروستی و داودەرمانی ئێرانی گەمارۆ نەداوە، بەڵام پزیشكان رایدەگەیەنن، كاریگەری گەمارۆكان بە بازاڕی دەرمانەوە دیارە.

سەرەتای ئەم ھەفتەیە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا رایگەیاند، كە لە رێگەی سویسراوە دەرگای دابینكردنی دەرمان و پێداویستی تەندروستی بە گشتی بۆ ئێران دەكەنەوە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان زەرەرمەندی گەمارۆكان نەبن، لەگەڵ ئەوەش بەرپرسانی ئێران كەم و گرانی و نەبوونی دەرمانی پێویست بۆ گەمارۆكانی ئەمەریكا دەگەڕێننەوە.

ھ.م