خانمێكی چینی كه له كۆرۆنا ده‌ربازی بوو ئامۆژگاری خه‌ڵك ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
خاتوونێكی چینی، كه نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێپه‌ڕاندووه و چاكبووه‌ته‌وه، ئامۆژگاری هاووڵاتیان ده‌كات كه پێویست ناكات لێی بترسن، به‌ڵام به گشتی خۆتان بپارێزن و رێكاری پێویست له دژی نه‌خۆشییه‌كه بگرنه‌به‌ر.
هو جیانگ، ته‌مه‌ن 44 ساڵ، ئێستا به ته‌واوه‌تی له نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ چاكبووه‌ته‌وه و له‌سه‌ر بڕیاری پزیشكانیش نه‌خۆشخانه‌ی جێهێشتووه.
ئه‌و ژنه له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی شینخوای چینی رایگه‌یاندووه، كاتێك بۆ به‌سه‌ربردنی ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵی چینی چووه‌ته ماڵه‌وه، له 15/1/2020، هاوسه‌ره‌كه‌ی زانیویه‌تی ته‌ندرووستی باش نییه، بۆیه گواستوویه‌ته‌وه نه‌خۆشخانه و بۆ چه‌ند رۆژێك له‌وێ به ئه‌نجامی باشه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
هو جیانگ له 21/1/2020 گوازراوه‌ته‌وه نه‌خۆشخانه‌ی سانسیای ناوه‌ندی له وانژهۆ، له‌وێ جیاكراوه‌ته‌وه و نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌ستنیشانكراوه، كه هه‌وكردنی سییه‌كان بووه به ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.
جیانگ باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه پزیشكان چه‌ند دژه ڤایرۆس و به‌كتریایه‌كیان پێداوه و پزیشكی كۆنی چینیش بۆ چاره‌سه‌رییه‌كه‌ی به‌كارهێنراوه، دوای ئه‌و رێكاره پزیشكیانه‌ش ته‌ندرووستی باشتر بووه و نیشانه ئه‌رێنییه‌كانی لێ ده‌ركه‌وتووه، بۆیه پزیشكان رایانگه‌یاند كه نه‌خۆشییه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر كراوه و ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌یان كردووه‌ته‌وه.
تا ئه‌مڕۆش نزیكه‌ی 28 هه‌زار و 276 حاڵه‌تی تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه تۆماركراوه، كه زۆربه‌یان له وڵاتی چینه.
ژماره‌ی مردووانیش گه‌یشتووه‌ته 565 كه‌س، ئه‌وانه‌شی كه چاره‌سه‌ركراون و نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه ژماره‌یان هه‌زار و 173 كه‌سه.
ئ. م