به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا ده‌ستگیركرا

به‌ هۆی نزیكی له‌ كورده‌وه‌

K24 – گه‌رمیان:

بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق هێزێكی تایبەتی بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی پارێزگای دیالە گەیشتنە ناحیەی جه‌له‌ولای سەر بە قەزای خانەقین و "یەعقوب لهێبی" بەڕێوبەری ناحیەكه‌یان دەستگیركرد.

لەو بارەیه‌وە "خەلیل خودادا" ئەندامی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین بە "کوردستان٢٤"ـی  راگەیاند، هۆكاری دەستگیركردنەكەی سیاسییە و بۆ سكاڵای ژمارەیەك عەرەبی هۆزی "كەرەوی" ناحیەكە دەگەڕێتەوە.

وتیشی: هۆزی كەرەوی لە ناحیەی جه‌له‌ولا ئەو فشارانەیان درووستكردووە بۆ لادانی بەڕێوبەری ناحیەكە، چونكە لە كوردەوە نزیكە و پێشتر لە سەردەمی هەبوونی پێشمەرگە لەو ناحیەیە هەر یەعقوب لهێبی بەڕێوبەری ناحیەكە بووە، بەڵام لە ئێستادا دەیانەوێت كەسێكی نزیك لەخۆیان بكەنە جێگرەوەی.