كۆرۆنا چارەسەركردنی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی ھەڵەبجەی پەكخست

چارەسەركردنی 53 برینداری چەكی كیمیایی ھەڵەبجە لە ئێران دواخرا
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

بڕیاربوو 23ی ئەم مانگە 53 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بۆ چارەسەر رەوانەی وڵاتی ئێران بکرێن، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەشتەکەیان دواخرا بۆ کاتێکی نادیار.

كەیوان یەعقوب، دانیشتووی پارێزگای ھەڵەبجەیە و یەكێكە لە بەركەوتوانی كیمیایی، دەبێت بەردەوام لە رێگای ئۆکسجینەوە ھەناسە ھەڵمژێت، ئەو ئامێرانە ھاوڕێی شەو و رۆژی کەیوانن، لە 82%ی سییەکانی  لەکار کەوتووە، چاوەڕێ بوو بە ئومێدی ئەوەی ببرێت بۆ ئێران، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەشتەكەیان دواخرا. ئەو بە كوردستان24ی گوت: "ئەمجارە سێیەم جاربوو بە تەمابووین بۆ چارەسەر سەردانی ئێران بكەین، پێشتر بەھۆی كێشەی تەكنیكی لیژنەكە سەفەرەكەمان دواخراوە، ئێستاش بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە".

بڕیاربوو لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رۆژی 23ی ئەم مانگە 53 برینداری چەکی کیمیایی رەوانەی وڵاتی ئێران بکرێن. ئازاد موستەفا، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجەش دەڵێت، ئەو بریندارانە ئاستی بەرگری لەشیان دابەزیوەو بەھۆی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە سەرجەم گەشتەکان بۆ وڵاتی ئێران راوەستاوە، ئەگەر ھەکاتێک دۆخەکە باش بێتەوە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخانکراوەو برینداران دەبەین بۆ ئێران بەمەبەستی چارەسەر.

بڕیاری ناردنە دەرەوەی ئەمجارەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بۆ وڵاتی ئێران، جیاواز لە جارانی پێشوو، لە رێگای فڕۆکەوە بەرکەوتوان بگوازرێنەوە بۆ وڵاتی ئێران بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە ئەم گەشتە دواخرا.

ھ.م