به‌هۆی كۆرۆنا مه‌زارگه‌ی ئیمام عه‌لی له نه‌جه‌ف داخرا
K24- هه‌ولێر:
دوای تۆماركردنی حاڵه‌تێكی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا له نه‌جه‌ف، ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆجێیی ئه‌و پارێزگایه بڕیاریاندا، ده‌رگاكانی مه‌زارگه‌ی ئیمام عه‌لی له‌و شاره دابخه‌ن.
به‌رپرسێكی ئیداری ئه‌و شاره به میدیا عێراقییه‌كانی راگه‌یاندووه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ حاڵه‌تێكی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌و شاره تۆماركرا، ئیداره‌ی پارێزگاكه بڕیاریدا، ده‌رگاكانی مه‌زارگه‌ی ئیمام عه‌لی له‌و شاره دابخات، به‌مه‌به‌ستی پاككردنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌كه به مادده‌ی دژه ڤایرۆسی پزیشكی.
له‌و هه‌نگاوه‌شدا ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌جه‌ف بڕیاریانداوه ژماره‌یه‌ك رێكاری تایبه‌ت بۆ رێگریكردن له ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و په‌تایه بگرنه به‌ر، له‌وانه‌ش:
- پشكنین بۆ دۆزینه‌وه‌ی حاڵه‌تی دیكه.
- دڵنیابوونه‌وه له‌وه‌ی كه ئه‌و ڤایرۆسه له كه‌سی تووشبووه‌وه بۆ ئه‌و كه‌سانه نه‌گوازراوه‌ته‌وه، كه به‌ر له پشتڕاستكردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه تێكه‌ڵیان بووه.
- سه‌ردانی شوێنی مانه‌وه‌ی كه‌سی تووشبوو و به‌دواداچوون بۆ دۆخی ته‌ندروستی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنیان له‌گه‌ڵیدا روویداوه.
- دڵنیابوونه‌وه له رێوشوێنه‌كانی پاراستن.
- چڕكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كان له فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف و ته‌واوی رێكگاكانی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و شاره.
- پارێزگاریكردن له ته‌ندروستی گشتی بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان.
پێشتر فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی نه‌جه‌ف حاڵه‌تێكی تووشبوونی قوتابیێكی ئێرانی به ڤایرۆسی كۆرۆنای له‌و پارێزگایه راگه‌یاند، كه به‌ر له بڕیاری گه‌شتكردن بۆ عێراق به‌ڕووی زیاره‌تكارانی ئێرانی‌دا هاتبووه نه‌جه‌ف و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دوای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه ئه‌و قوتابییه ئێرانییه له شوێنێكی تایبه‌ت جیاكراوه‌ته‌وه".
دواتریش وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، "ئه‌وان به‌گوێره‌ی رێنماییه ته‌ندروستییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ قوتابیه تووشبووه‌كه به ڤایرۆسی كۆرۆنا كردووه" و داواشی له خه‌ڵكی عێراق كرد، "به‌گوێره‌ی توانا په‌یامی رۆشنبیری و هۆشیاری ته‌ندروستی بڵاوبكه‌نه‌وه".
H.B