زیانی گەورە بەر ئابووری توركیا دەكەوێت
K24 - ھەولێر
ئابووری توركیا لە داكەوتن بەردەوامە و كۆمپانیایەكی گەورەی بەرھەمھێنی كارەبا مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند.
كۆمپانیای یەنی توركی كە لە بواری بەرھەمھێنانی كارەبادا كاردەكات، بەھۆی خراپی دۆخی دارایی و كەڵەكەبوونی قەرز كە لە ئەنجامی قەیرانی ئابووری ولاتەكە دووچاری بووە، مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند.
كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەداوە، قەرزی كەڵەكەبووی سەر کۆمپانیاکە گەیشتووەتە 450 ملیۆن لیرەی توركی و بەھۆیەوە كاری كۆمپانیاكە پەكیكەوتووە و ناچارە مایەپووچبوونی خۆی رابگەینێت.
كۆمپانیای یەنی توركی كە لە ساڵی 2007 دامەزراوە خاوەنی وێستگەیەكی بەرھەمھێنانی كارەبایە و ھێزەكەی دەگاتە 850 وات.
ئەمەش لەكاتێكدایە نوێترین ئامارە فەرمییەكان دەریدەخەن كە ژمارەی ئەو كۆمپانیانەی لە ماوەی كانوونی دووەمدا داخراون بەرێژەی 10% بەرزبووەتەوە لەسەر بنەمای ساڵانە.