داوای پاككردنەوەی كاغەزە داراییەكانی عێراق دەكرێت

"پێویستە وەك چین ئەم ھەنگاوە بگرێتەبەر"

K24 - ھەولێر

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، داوای پاككردنەوەی كاغەزە داراییەكان لە عێراق دەكرێت.

غەدیر ئەلعەتار، ئەندامی ئەنجومەنی ئابووری لە عێراق لە لێدوانێكیدا داوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستی كرد سەبارەت بە بەكارھێنانی دراوی عێراقی وبیانی، بەو ئامانجەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاونەبێتەوە.

ئەلعەتار راشیگەیاند، پێویستە بانكی ناوەندی عێراق و ھەروەھا بانكەكانی دیكەی وڵاتەكە كار بۆ بەكارھێنانی تیشكی سەروو نەوشەیی یانیش پلەیەكی گەرمی بەرز بكەن، بۆ ئەوەی كاغەزی پارە پاكبكەنەوە و دواتر بۆ ماوەی 7 بۆ 14 رۆژ جیابكرێتەوە و بخرێتە بەردەستی بەكارھێنەر و بەو جۆرەش سەلامەتی عێراقییەكان دەپارێزرێت لە تووشبوون بە ڤایرۆسەكە.

ئەلعەتار، ئاماژەی بەوەشدا كە پێشووتر بانكی گەلی چینی ئەو رێوشوێنەی گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتی دانیشتووانەكەی و پێویستە عێراقیش ھەمان ھەنگاو بنێت.