له 48 كاتژمێری داهاتوودا پێشكهوتووترین ئامێری پشكنینی كۆرۆنا دهگاته ههرێم
K24- بهغدا:
عێراق لیژنەیەکی باڵای بەرنگاربوونەوەی قەیرانە تەندروستیەکانی بە سەرۆکایەتی وەزیری تەندروستی پێكهێنا و، لیژنەکە لە یەکەم کۆبوونەوەیدا بڕیاریدا، ههموو رێکارێکی تەندروستی بۆ خۆ پارێزی بگیرێتە بەر، ھاوکات درێژە بە ماوەی داخستنی تەواوی دەروازە سنوورەکانی نێوان عێراق ئێران بدرێت و ریگاش نادەن ھیچ ھاوولاتیەکی ئێرانی بێتە عێراقەوە.
لهم بارهشهوه جەعفەر عەللاوی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند: لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داھاتوو ئامێری پێشکەوتوی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەیەنینە فرۆکەخانە و دەروازە سنووریەکانی ھەرێمی کوردستان.
وهزیری تهندروستی عێراق دووپاتی كردهوه، "لهگهڵ دکتۆر سامان بهرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی كوردستان له پهیوهندی بهردهوام دام، ھەماھەنگی باشمان ھەیە و چەندین ئامێرمان کڕیووە وەك وەزارەتی تەندروستی لە ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا پشکی ھەرێمی کوردستانیش دەنێرینه فرۆکەخانە و دەروازە سنووریەکان".
هاوكات قوتەیبە جبوری، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق دهڵێت: "ژمارەی توشبووەکان تا ئێستا ٥ حاڵەتە، یەکیکیان گەنجە ئێرانیەکەی شاری نەجەف بوو، 4ی دیكەش لە کەرکووکن، ئەوەی تێکەڵبوون لەگەڵ ئەو تووشبووانە، پشکنینمان بۆیان کردوو، کەمێك پێش ئێستا ئەنجامەکەی دەرچوو، کەسیان تووشی ڤایرۆسەکە نەبوونە، ھەر کەسێکیش تووشی کۆرۆنا ببێت، ئێمە ریکاری زۆر جددی بۆی دەگرینە بەر و ژووری تەندروستی داخراو و چاودێری بۆ دەکەین".
وڵاتی کەنەدا وەك یەکەم دەستپێشخەر ١٩ ئامێری پێشکەوتووی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای پێشکەشی عێراق کردووە، ئیماراتیش بەڵێنی گەیاندنی ھاوکاری تەندروستی بە عێراق داوە، ئەمەش لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە لە ٣٣ ولات، کە سەرچاوەکەی وڵاتی چینە و تا ئێستا زیاتر لە ٨٨ ھەزار تووشبووی ئهو ڤایرۆسهی ھەیە.
H.B