حکوومەتی عێراق دڵنایی لە بڕێکی زۆر خۆراکی کۆگاکراو دەدات

چەند کەشتییەک برنجیان هاوردەکردووە

K24 - ھەولێر

دوای تۆمارکردنی حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزارەتی بازرگانی عێراق دڵنیایی دەدات کە خاوەن بڕێکی باشن لە سەرجەم کاڵا خۆراکییەکانی سەر بە پسوولەی خۆراکە(کارتی بایەع).

حەسەنێن زوبەیدی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان خاوەن ستراتیژییەتێکی باشە لە هەردوو ماددەی خۆراکی برنج و گەنم، کە دەتوانن پێویستییەکانی پسوولەی خۆراک پڕ بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، چەند کەشتییەک برنجیان هاوردەکردووە، و ئێستا لە کۆگاکانی سەر بە کۆمپانیاکەیان کۆگاکراون، سەرەڕای گەنمی بەرهەمهێنراوی خۆماڵی کە لە کۆگاکان ماونەتەوە.

هاوکات ئەو کۆمپانیای دانەوێڵە روونی دەکاتەوە، بەشی هاووڵاتیان لە کاڵای خۆراکی و ئارد بۆ بریکارەکان دابینکراوە.