لە بەرھەمی ناوخۆیی عێراق چوارەمی كەنداوە

راپۆرتێك: ئەمەریكا كۆی بەرھەمی نێوخۆیی دەگاتە 22 ترلیۆن دۆلار
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەھێزترین ئابوورییەكانی جیھان و وڵاتانی كەنداو لە رووی كۆی بەرھەمی ناوخۆییەوە لەلایەن پێگەی ورڵد پۆپولەیشن ریڤیووە دەستنیشانكرا  و ئەمەریكا لە پلەی یەكەمی ھەموو وڵاتانی جیھان دێت، كە كۆی بەرھەمی ناوخۆیی دەگاتە زیاتر لە 22 ترلیۆن دۆلار. لەسەر ئاستی وڵاتانی كەنداویش عێراق لە پلەی چوارەمدا دێت بە نزیكەی 247 ملیار دۆلار.

پێگەی World Population Review لە راپۆڕتێكیدا نوێترین پێنوێنی كۆی بەرھەمی ناوخۆیی بەھای بە بازاڕكردنی نەختینەی سەرجەم ئەو كاڵا و خزمەتگوزارییانەی كە لەناوخۆی وڵاتان لە ماوەیەكی دیاریكراودا بەرھەمدەھێندرێت بڵاوكردەوە. پێنوێنییەكە دیدگایەكی خێرای ئابووری ئەو وڵاتانە نیشاندەدات كە لە رووی كۆی بەرھەمی ناوخۆییەوە پێش وڵاتانی دیكەوە دەكەون.

بەگوێرەی راپۆڕتەكە،  ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە لە ساڵی 1871 ـەوە تاوەكو ئێستا بە گەورەترین ئابووری جیھان دادەنرێت، لە پلەی یەكەمی لیستەكەدا ھاتووە، لە رووی بەرھەمی ناوخۆییەوە، بەجۆرێك 22 ترلیۆن و 200 ملیار دۆلارە.

سەبارەت بە چین كە دووەم زلھێزی ئابووری جیھانە، لە پلەی دووەمی لیستەكەدا ھاتووە و كۆی بەرھەمی ناوخۆیی دەگاتە 15 ترلیۆن و 400 ملیار دۆلار.

ھاوكات سێیەم گەورە ئابووری لە جیھان ژاپۆنە، كۆی بەرھەمی ناوخۆیی لە وڵاتەكە دەگاتە 5 ترلیۆن و 500 ملیار دۆلار.

راپۆڕتەكە باس لە پێنوێنی وڵاتانی عەرەبی دەكات، كە ئەوانەش سعوودیە لە پلەی 19یەمینی جیھان دێت، بەڵام لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لەپلەی یەكەمدا ھاتووە و كۆی بەرھەمی ناوخۆیی وڵاتەكە دەگاتە 790 ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.

ئیمارات لە پلەی 30ـەمینی سەر ئاستی جیھان دێت و دووەمی سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و كۆی بەرھەمی ناوخۆیی دەگاتە 449 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار.

سەبارەت بە میسر لە پلەی 42 ـەمینی جیھان و سێیەمینی سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی دێت بەجۆرێك كۆی بەرھەمی ناوخۆیی دەگاتە 331 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.

لە لیستەكەدا عێراق لە پلەی چوارەمدا دێت لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە رووی بەرھەمی ناوخۆییەوە و دەگاتە 246 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار. ھاوكات قەتەر لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی پێنجەمدا دێت و كۆی بەرھەمی ناوخۆیی دەگاتە 204 ملیار دۆلار.

راپۆرتەكە دەریدەخات، سەرەڕای جەنگی بازرگانی و قەیرانی ئابووری و تەنانەت سەرھەڵدانی خۆپیشاندان لە ھەندێك لەو وڵاتانەی لە ناو لیستەكەدا ناویان ھاتووە، كەچی لە رووی كۆی بەرھەمی ناوخۆییەوە توانیویانە لە پێشی وڵاتانی دیكەی جیھانییەوە بێن.