هێزه‌كانی رووسیا گه‌یشتنه‌ سه‌راقبی نزیك له‌ ئیدلب

دوو رێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

سه‌نته‌ری رووسی بۆ ئاشته‌وایی له‌ سووریا رایگه‌یاند، رووسیا بڵاوه‌ی به‌ پۆلیسی سه‌ربازی رووس له‌ ناوچه‌ی سه‌راقبی باشووری ئیدلب كردووه‌.

سه‌نته‌ره‌كه‌ راشیگه‌یاند، ئامانج له‌و هه‌نگاوه‌ی رووسیا دابینكردنی ئاسایشی رێگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئێم فۆڕ و ئێم فایفه‌.

پێشتر سوپای سووریا رایگه‌یاندبوو، به‌ ته‌واوی شاری سه‌راقبی ستراتیژیان له‌ ده‌وروبه‌ری ئیدلب كۆنترۆڵ كردووه‌ته‌وه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا هێزه‌كانی سوپای سووریا و خاڵه‌كانی چاودێری سوپای توركیا له‌ سنووری پارێزگای ئیدلب رووبه‌ڕووی یه‌كدی بوونه‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی سوپای توركیا كوژران.

دوێنێش، سوپای سووریا رایگه‌یاند، ئاسمانی وڵاته‌كه‌یان به‌ رووی فڕۆكه‌كانی توركیا داده‌خه‌ن و رووسیاش ئاشكرایكرد، چیدیكه‌ ده‌سته‌به‌ری سه‌لامه‌تی جوڵه‌ی ئاسمانی توركیا له‌ سنووری ئاسمانی سووریا ناكات.