لە ئەڵمانیا كۆنفڕاسێك دەربارەی پرسی كورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو
K24 - بەرلین
پارتی چەپی ئەڵمانی، کۆنفرانسێکی دەربارەی پرسی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست رێكخست. ئەو پارتەی ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارەکانی، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی کوردستان و، چەند سیاسەتمەدارێکی رۆژئاوای کوردستان و، پارچەکانی دیکەی کوردستان، گفتۆگۆیان لەبارەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و کێشەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد.
ھێلینسۆمەر، پەرلەمانتارێكی ئەڵمانیایە و بە كوردستان24ی گوت: "ئێمە وەک فڕاکسیۆنی چەپ لەپەرلەمانی ئەڵمانیا، بەھاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی رۆزا لۆکسەمبۆرگ، ئەو کۆنفڕاسەمان رێکخستووە بە ئامانجی قسەکردن لەسەر رێگاکانی چارەسەکردنی پرسی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەروەھا دۆزینەوەی رێگەچارەی ھاوبەش بۆ ئەوپرسە. دەمانەوێت پشتیوانی خۆمان بۆ کورد دووپات بکەینەوە".
شاندێکی پەرلەمانی کوردستان، بانگھێشتی کۆنفرانسەکە کراون، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە دیبەیتێکدا، ھیوای ئەوەی خواست کە ئەڵمانیا رۆڵێکی زیاتر لە کەرتی وەبەرھێنان و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان ببینێت.
ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "چاوه‌ڕوانی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌یه كه ده‌كرێ ئه‌ڵمانیا هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكات، له رووی پێشخستنی داموده‌زگا حكوومییه‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنانی زیاتر له كوردستان. ئێمه‌ش حه‌زمان ده‌كرد كه هیچ شه‌ڕ و ململانێیه‌ك له ده‌وروبه‌ری كوردستان رووینه‌ده‌دا، تاوه‌كو ئه‌ڵمانیا له‌جیاتی چه‌كی میلان، كۆمپانیای زیاتری ره‌وانه‌ی كوردستان بكردایه و له‌جیاتی هاوكاری سه‌ربازی، شه‌قام و رێگای زیاتری له كوردستان دروست بكردایه. له‌جیاتی مه‌شق و راهێنان به هێزه‌كانمان، مه‌شق و راهێنانی په‌روه‌رده‌ی به نه‌وه نوێیه‌كه‌ی كوردستان بكردایه و هه‌لی زیاتری بڕه‌خساندایه".
پارتی چەپ، 70 پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، یەکێکە لەپارتە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکییەکان لەو پەرلەمانە، ھەرچەندە باس لەوە دەکەن کە پشتیوانی پرسی کوردانن، بەڵام لە شەڕی داعشدا دژی ناردنی چەک بوون بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەو ھەڵوێستەشیان گەلێک کوردانی لەو پارتە نیگەران کرد.