بۆ گه‌ڕان به‌دوای كۆرۆنادا جیهان عاشقی "چاوەکانی تاریکی" ده‌بێت.. ئه‌و رۆمانه‌ی خه‌یاڵی تێپه‌ڕاند و بووه‌ واقیع

به‌راوردی نێوان ووهان-400 و كۆرۆنای نوێ

K24 – دهۆك:

لەگەڵ سەرهەڵدانی دەنگۆی پەیدابوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا COVID-19 لە شاری (ووهان)ی چینی، سوشیاڵ میدیای جیهانی بە چڕی باسيان لە رۆمانێک کرد، کە پێش 40 چل ساڵ نووسراوە و تێیدا نووسەری رۆمانەکە پێشبینی پەیدابوونی پەتایەکی کوشنده‌ی کردووە، کە لەو شارەی وڵاتی چین پەیدا دەبێت. هەر بەو هۆیەوە، ئێستا رۆمانەکانی رۆماننوسی ئەمه‌ریکی دین کۆنتز Dean Kontz کە لە دایكبووی 9ی تەمموزی ساڵی 1945 و لەژیاندا ماوە، بە تایبەتی رۆمانی چاوەکانی تاریکی The Eyes of Darkness، لە ئەمریکا و ئەوروپای رۆژئاوا بوونە پڕفرۆشترین رۆمان. 

ئەم رۆمانە باسی چی دەکات؟ 

رۆمانی چاوەکانی تاریکی The Eyes of Darkness، کە رۆمانێکی ئەندێشەییە، لە 10مانگی گوڵانی ساڵی1981 چاپکراوە، لە 312 لاپەڕە پێکهاتووە. چیرۆکی ژنێک بە ناوی تینا ئیڤانز Tina Evans دەگێڕێتەوە، ئەم ژنە کوڕی خۆی لە رووداوێکدا لەگەڵ تیپێکی دیدەوانی لە دەستدەدات. لە دوای ساڵێک، تینا باوەڕێک بۆی دروستدەبێت، کە ئەو رووداوە بەو شێوەیە نەبووە باسی لێکراوە، کوڕەکەی لە ژیاندا ماوە ولە شوێنێک بە بێ ویستی خۆی کەرەنتینەکراوە، کوڕەکە زۆر پێویستی بە دایکیەتی.

نووسەری رۆمانەکە لە ساڵی 2010 دەربارەی ئەم رۆمانە نووسیویه‌تی: "گەشتێکی ترسناک، دایکی ئەو منداڵە لە رووناکی بریسكەداری شاری لاس ڤیگاس بەرەو تاریکی ساردی بەرزاییەکانی سیبیریا دەبات، کە لە وێ نهێنییەکی مەترسیدار دەدۆزێتەوە".

خوێنەرانی رۆمانی "چاوەکانی تاریکی" رژدن کە نووسەر "دین کۆنتز"، چل ساڵ پێش ئێستا، پێشبینی دەرکەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای کردووە، چونکە لە رۆمانەکەیدا باس لە ڤایرۆسێکی کوشنده‌ دەکات. ناوی لێناوە (ووهان – 400)، هەمان شاری وڵاتی چینە. بە گوێرەی راگەیاندنی یەکەمین حاڵەتی نەخۆشبوون بەم ڤایرۆسە لە 19ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 کە وڵاتی چین دانی پێدانراوە و لە راپۆرتێکدا سەبارەت ئەم ڤایرۆسە نوێیە بڵاوکرایەوە.

کارەکتەرەکانی رۆمانەکە باس لە ڤایرۆسەکە دەکەن

یەکێک لە کارەکتەرەکانی رۆمانەکە دەڵێت: "ڤایرۆسەکە ناوی لێنراوە (ووهان – 400) کە لە تاقیگەکانی دووبارە لێکدانی گەردەكەکانی ترشی ناووکی RDNA لە لێواری شاری ووهان گەشەی پێدەکرا دزەی کردووە. ئەو لێکۆڵینەوه‌یه‌ لەو تاقیگەیەدا ئەنجامدەدرا لەسەر 400 دانە لە زنجیری ترشی ناووکی مرۆڤ، کە توانای دووبارە ژیانەوەیان هەیە، بوو".

کارەکتەرێکیتری رۆمانەکە دەڵێت: "ڤایرۆسی ووهان – 400، چەکێکی نموونەییە، تەنیا رەگەزی مرۆڤ دەپێکێت. هیچ گیانله‌به‌رێكی دیكه‌ ناتوانێت ئەم ڤایرۆسە هەڵبگرێت".

هەروەها ئەو کارەکتەرە دەڵێت: "ڤایرۆسی ووهان – 400، وەکوو نەخۆشی (سفليس)ە ناتوانێت زیاتر لە یەک خولەک لە دەرەوەی جەستە بە زیندوویی بمێنێتەوە، بەم شێوەیە ڤایرۆسی ووهان – 400، لە توانایدا نیە بە تەواوەتی بۆ شوێنیتر بە شێوەیەکی هەمیشەیی بمێنێتەوە، یان ڤایرۆسەکە وەکوو ئەنتراکس و ڤایرۆسەکانیتری مایکرۆسکۆپی نیە".

نووسەران و رۆژنامەنووسان و ئەم رۆمانە

لەم بوارەدا، نووسەری ئەمریکی نیک هینتۆن Nick Hinton  کە لە 27ی شوباتی 2020 رابردوو، کە یەکەمین کەس بوو چەند بڕگەیه‌كی لەو رۆمانە لە پێگەی خۆی لە تویتەر بڵاوکرده‌وە، نووسیویه‌تی: "رۆمانەکەی دین کۆنتز لە ساڵی 1981 پێشبینی بەربڵاوبوونی ڤایروسی كۆرۆنای کردووە".  لە هەمانکاتدا، رۆماننووس دین کۆنتز لەسەر پرسیارەکانی رۆژنامەی ده‌یلی مه‌یڵ Daily Mail ی وه‌ڵامی نەبوو و بێدەنگی هەڵبژارد.

 لە لایەکیترەوە رۆژنامەنووسی هۆنگ کۆنگی، کێیت وایتهێد  Kate Whitehead لە رۆژنامەی باشووری چینیی بەیانییان The South China Morning Post کە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت، نووسیویەتی: "ئەم رۆمانە سەرنجڕاکێشە کە دین کۆنتز لە ساڵی 1981 نووسیویه‌تی، باسی چیرۆکی ڤایرۆسێک دەکات بە ناوی ووهان – 400، ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی بڵابوونەوەی پەتایەک بە شێوەیەکی فراوان. چاوەکانی تاریکی ئاماژە بە تاقیگه‌یەکی سەربازی چینی دەکات لە شاری ووهان، چەکێک بە ناوی ڤیرۆشا Virosha  بەرهەم دێنێت، بەڵام هەر زوو بە هەڵەیەک خەڵکی سیڤیل تووشی گواستنەوەی نەخۆشییەک دەبن لە رێی ئەو چەکەوە. 

جیاوازی نێوان ووهان - 400 و كۆرۆنا COVID-19

هەر چەندە ڤایرۆسەکە لە شاری ووهان سەریهەڵداوە، بەڵام لێکچوونێکی هێندە زۆر لە نێوان ڤایرۆسی كۆرۆنا کوڤید 19 و ڤایرۆسی ووهان – 400 دا نیە. دەتوانین جیاوازی نێوان هەردوو ڤایرۆسەکە لەم خاڵانەی خوارەوە کورت بکەینەوە:

1- لە رۆمانی (چاوەکانی تاریکی) دا، ڤایرۆسی ووهان – 400، بە شێوەی چەکێکی بایەلۆژی بڵاودەبێته‌وه‌، کە توانای لە ناو بردنی مرۆڤی لە 12 کاتژمێردا هەیە. هەندێک لە کارەکتەرەکانی رۆمانەکە باس لەوە دەکەن کە "نیازی چینییەکان ئەوەیە شارێک یان وڵاتێکی تەواو لە خەڵکەکەی قڕبکەن".  

2- ڤایرۆسی ووهان – 400 کە لە رۆمانی کۆنتز دا هاتووە، هێرش دەکاتە سەر مێشکی مرۆڤ، چونکە یەکێک لە کارەکتەرەکان دەڵێت "ڤایرۆسەکە دەچێتە ناو قەدی مێشک و لە وێ ژه‌هری خۆی لە هەموو جەستەدا بڵاودەکاتەوە بە شێوەیەک کە شانەکانی مێشک وەکو پەڕۆیەکی لۆکەیی لە ناو ترشی پاتری ئۆتۆمبێلدا دەتوێنەوە و ئەو بەشەی مێشک کە کونترۆڵی هەموو جەستە دەکات ولەناوی دەبات و 100٪ دەیکوژێت. بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا COVID-19، تەنیا بە رێژەی لە سەدا 2 تا 3 توانای کوشتنی مرۆڤی هەیە. لەبەرامبەردا، ڤایرۆسی كۆرۆنا COVID-19، زیان بە کوئەندامی هەناسە دەگەیه‌نێت، ولە نیشانە سەرەکییەکانی تا و کوخە و هەناسە تەنگییە.

3- بەپێی رۆمانی چاوەکانی تاریکی، پێویستە ڤایرۆسەکە چوار کاتژمێر لەگەڵ کەسێکدا بمێنێت تاکو نیشانەکانی نەخۆشییەکە لەسەر دیاربکەون، بەڵام لە حاڵەتی كۆرۆنا COVID-19 دا ڤایرۆسەکە بۆ چەند رۆژ هەتا دوو هەفتە لەگەڵ کەسی تووشبوو دەمێنێتەوە ئینجا کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر دەکات و تەندروستییەکەی تێک دەدات و دەیکوژیت.

دوو خاڵی سەیر وسەنجڕاکێش لە سەر رۆمانی چاوەکانی تاریکی و ڤایرۆسی كۆرۆنا کوڤید -19 

یەکەم: نووسەری رۆمانەکە لە چاپی یەکەمی دا کە لە ساڵی1981 بڵاویکردبوویەوە، لە بڕگەی تایبەتدا ناوی ڤایرۆسەکە کردبوو (گۆرکی - 400 / Gorki-400) وەکوو ئاماژەیەک بۆ شاری (گۆرکی)ی رووسی کە  لە دوای رووخانی سوڤیەتی پێشوو ناوەکەی گۆڕدرا بۆ نیژنی نۆڤگۆرۆد Nizhny Novgorod، بەڵام دەبینین لە چاپی دوەمی رۆمانەکەیدا کە لە ساڵی 1995 چاپکراوە، ناوی ئەو شارەی گۆڕی بە ووهان Wuhan، چونکە، رەنگە بە بۆچوونی ئەو، لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیه‌تەوە هیچی تر وەکو جەمسەرێکی بەهێز لە جیهان نەما، بۆیە ئاراستەکەی بەڕووی چیندا گۆڕی.

دووەم: تێکەڵبوونێکی سەیر له‌ نێوان ئەندێشە و راستی دا لە نێوان هەردوو ڤایرۆسدا بۆمان دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە کە پەیمانگای ووهان بۆ زانستی ڤایرۆسەکان، کە تاکە تاقیگەی خۆپاراستنی بایەلۆژییە لە چین، کە رۆمانەکەی دین کۆتنز باسی دەکات تاقیگەیەکی زۆر نهێنییە و رێوشوێنی ئەمنی توندی هەیە هەر وەکوو لە رووماڵێکی گۆڤاری نێیچەر Nature  دا لە ساڵی 2017 هاتووە، تەنیا 32 کیلۆمەتر لە سەنتەری شوێنی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای ئێستایە!

سه‌رچاوه‌:

https://www.who.int/emergencies/diseases/novel-coronavirus-2019

https://www.rocketcitynow.com/article/news/verify-dean-koontz-did-not-predict-coronavirus-outbreak-in-1981/525-9d4718b7-9198-4755-8aa8-61addef97e7b

https://www.dailymail.co.uk/news/article-8053063/Did-1981-Dean-Koontz-thriller-Eyes-Darkness-predict-coronavirus-outbreak.html