سۆزێك بۆ هەڵه‌بجە

Kurd24

نەمدەزانی کۆچ، جوودایی و وێرانکاری، زێد جێهێشتن، لەگۆڕنانی یادگاری، دواجار کۆمەڵکوژیی دەبێتە میوانی ناوەختی ئەورۆژەمان و بۆنی سێو هەرمن بە تەنیا دەھێڵێتەوە.

وادەی گەڕانەوەی ئەوان بوو، لە دەلاقە و درزی دەرگاوە چاوەڕێی دەنگ و رەنگی وان بوو، لەگەڵ هەر قومێکی ئاودا هەناسەیەکدا بەبیرمدا دەهات کە دەبێت زوو بگەڕێنەوە، لانی کەم دواپارووی بەختەوەریی خێزان پێکەوە بخۆین و بۆ ئەبەدیی یەك جێبێڵین.

چ جێهێشتنێك چ سەفەرێك وەك ئەوە نا کە لە فلیمەکاندا دەیبینی، زۆر تراژیدی و جودا لە هەر سەفەرێکی دیكه‌، سەفەرێك بێ جانتاو، بێ جلوبەرگ، بێ خۆراك و بێ پێڵاو، سەفەرێك قومە ئاوێکی پاکژی تێدا نادۆزرێتەوە.

هەر چاوەڕێ بووم و ئەمڕوانی ئەوان بگەڕێنەوە، تا لە باخچە خنجیلانەکەی خۆمان بە بۆنی گوڵ و پرتەقاڵە پیرەکەی بەر دەرگاکەمان بۆنیان بکەم و دوا پێکی هەناسەیان هەڵمژم، چاوەڕێ بووم بە نانی گەرمەوە بێنەوە ماڵەوە، خەندەکانیان هەرچی مەینەتی و ماندووبوونمە، بڕەوێنێتەوە و لە باوەشما هەرچی ئازار و نەهامەتیم هەیە، لە بیر بەرێتەوە. خۆ دەمزانی کارەساتێك بەڕێوەیە کارەساتێك کە هەرگیز بیر نەچێتەوە، وەلێ لانی کەم دەمویست لە قەومانی کارەساتەکەدا ئه‌وان لە ماڵ بن، لەگەڵ من بن، دەستم لە ناو دەستیان بێت، ئارامیان کەمەوە.

لانی کەم دەمویست لەشریخە و ناڵەی فڕۆکە و بۆمباکان بیانپارێزم و هەر هیچ نەبێ خۆم بخەمە بەر ئازار و پارچەی بۆمبەکان، تا مۆمی تەمەنی ئەوان نەکوژێتەوە.

پەتی چاوەڕوانی بەدەنگی فڕۆکەکان پچڕا، نەعرەتە و قیژەی ژنان و زارۆك هەرچی بۆشایی ئاسمان هەیە پڕی کردەوە، لەگەڵ رووخانی ماڵە خنجیلانەکەمان بۆنی گازی کیمیایی و نرکەی بۆمبەکاندا ئاوات و بینینەوەی ئەوان داڕووخا.

بە زار خۆشە گێڕانەوەی ئەو ساتەوەختانە، کەس هێندەی ئەو کەسانەی لە هەڵەبجە بوون، ناتوانێ ئازار و ئێشی ئەو ساتەوەختانە هەست پێ بکات، دڵنیام ئەوانەی کە دەبوو بگەڕێنەوە، هەمان چاوەڕوانی منیان هەبووە، بەگەڕانەوەیان بۆ ماڵە گەرم و گوڕەکەیان و هێنانی باوەشە نانە گەرمەکەی کۆشیان و خواردنێکی گەرمی دەستی دایکیان هەموو دونیای ئەوان بوو، ئیدی قەدەر ئەوەی خۆڵقاند کە روویدا، من مامەوە و ئەوان دیار نەمان، دەبێت لەچ شوێنیکی ئەم گەردوونەدا خامۆش و سارد بەجێمابن، دەبێت کێ بیانلاوێنێ و نانێکی گەرمیان بۆ بهێنێ؟

منیش کە دایکێکم، هیوا بڕاو بووم لە گەڕانەوەی ئەوان، وەلێ فرمێسکی چاوەڕوانیم وشك نابێتەوە، داخۆ ئەو تەمەنە مەینەتیەی کە ماوە، کێ دڵنەواییم کاتەوە و کێ بمدوێنێ، وادەی گەڕانەوەی گوڵەکان بوو بۆ بەهار، نەك دابڕانی ئەبەدییان، دڵمان لەژێڕ دار و بەردی ماڵە رووخاوەکانی شار بەجێما.

 

تێبینی

چیرۆکێکی واقیعی دایکێکی هەڵەبجە لە خەیاڵەکانی مندا نەخشێندراوە.