ترەمپ كۆمەڵێك رێكاری نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا راگەیاند

پێدانی هەموو قەرزەكانی رادەگرێت

K24- هەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا زنجیرەیەك رێكاری نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی راگەیاند و دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا بەسەر جەنگی ئەو ڤایرۆسەدا سەردەكەوێت.

ئەم گوتانەی ترەمپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی شانەی قەیرانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیدا هاتوون و جەختی كردەوە، واشنتن تەواوی قوتابخانەكانی داخستووە، پێدانی سەرجەم قەرزەكانی راگرتووە و وادەی وەرگرتنی باجیشی دیاریكردووە.

سەرۆكی ئەمەریكا داواشی كرد، تەواوی شایستە داراییەكانی قوتابیانی قوتابخانە و زانكۆكان رابگیرێن و هیچ باجێكیش نەخرێتە سەریان.

هەروەك ئاماژەی بەوەشدا، لە چوارچێوەی رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا تاوتوێی پێدانی مۆڵەت بە فەرمانبەران دەكەن.

ترەمپ گوتی: ئەمەریكا هەوڵ دەدات رێگری لە گواستنەوەی كۆرۆنا لە رێگەی پەنابەرانەوە بۆ وڵاتەكەیان بكات و جەختی كردەوە، ئەمەریكا لەو جەنگەدا سەردەكەوێت و زۆریش لەو قەیرانە فێر دەبێت.

لای خۆشیەوە مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، ئەو دەنگویانەی باس لە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی سەرانسەری لە وڵاتەكەیان دەكەن، لە راستییەوە دوورن و گوتیشی: بڕیاری داخستنی سنوور لەگەڵ كەنەدا ئەمڕۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردن.

H.B