دانەگاز: پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە

"بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێم گەیشتووەتە 400 ملیۆن پێ سێجا رۆژانە"

K24 - ھەولێر

کۆمپانیای دانەگاز روونکردنەوەیەکی لەبارەی پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان و کاری دامەزراوەکانی بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە روونکردەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

بە گوێرەی روونکردنەوەکە پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان و میسر بە هەموو تواناکانیە و بەردەوامە، و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری نەکردووەتە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەیان.

هەناردەی گازی سرووشتی لە 75% کۆی هەناردەی دانە گاز پێکدەهێنێت، و بە گوێرەی گرێبەستەکانی داهاتوو بەرهەمەکانی دەفرۆشێت، بە جۆرێک ئەو گرێبەستانە بە رێژەی لە 50% داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکە پێکدەهێنێت کە گۆڕانکاری لە نرخی نەوت کاریگەری ناکاتە سەر کۆمپانیاکە.

لە راگەیەندراوی دانەگازدا هاتووە، دارایی کۆمپانیاکە پتەوە، کە سەرمایەی نەختینەییان لە کۆتاییەکانی 2019 گەیشتووەتە 425 ملیۆن دۆلار.

هاوکات کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەداوە، تێکڕای بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 400 ملیۆن پێ سێجا رۆژانە.