كۆرۆنا، ئەو زەنگەی مرۆڤایەتیی راچڵەكاند

Kurd24

زۆر جار كە كارەساتێك، یان هەر رووداوێكی نەخوازرومان بەسەر دێت، بێ ئاگا لە رابردوو، دەڵێین بە درێژایی مێژوومان، لەم دۆخەی ئێستامان خراپتر بەسەردا نەهاتووە‌، هەڵبەتە هەڵە نییە، كە دەڵێن، ئاخر زۆر لەمێژە كارەساتی وەهای لەم شێوەیە، نەبیستراو‌ و بۆ زۆرینەشمان نەبینراو بووە.

بەڵام جیهان و مرۆڤایەتی بە چەرمەسەری و پەتاگەلێكی زۆریان بەخۆوە بینیوە، بە سەختی و ناڕەحەتیی زۆردا تێپەڕیون، تەنانەت لە هەندێ سەردەم و و شوێندا جاری وا هەبووە، پەتایەكی كوشندە ژیانی نیوەی مرۆڤەكانی كۆتایی پێهێناوە و وێرانكاری و چۆڵەوانیی لە دوای خۆی جێ هێشتووە، بڵاوبوونەوەی هەردوو نەخۆشیی تاعوونەڕەشە و ئەنفلۆنزای ئیسپانی لە مێژووی ئەوروپا و جیهاندا، دوو نموونەی زیندوون، یان دوور نەڕۆین، هەر لە كوردستانی خۆماندا، باس لە رووداوێك دەكرێ كە پەیوەندیی بە ناوی خودی خۆمەوە هەیە. ناوی من (هەرمن) لە چیەوە هاتووە؟

هەرمن ناوی گوندێكە، بەڵام هۆكار چییە ئەو گوندە ناوی لێ نراوە گوندی هەرمن؟

هەڵبەتە سەرچاوەكانم لەم باسەدا، گێڕانەوەی خەڵكی ئەو دەڤەرەیە، كە بۆ خۆمیان گێڕاوەتەوە، یەكێك لەو بۆچوونانە كە لای منیش پەسەندە،‌ دەڵێن: كاتی خۆی لە دەڤەری شارباژێر، دانیشتوانی یەكێك لە گوندەكان تووشی (پەتایەكی) خراپ دەبن، كاتێك كە خەڵكانی تر دەچن بە هاواریانەوە، یەك كەس لەو گوندەدا لە ژیاندا ماوە، لێی دەپرسن: ئاخۆ لەو گوندەدا كەسی تر ماوە، بێجگە لە تۆ؟ لە ‌وەڵامدا دەڵێت: نەخێر هەرمن ماوم.

ئیدی لەو كاتەوە ئەو گوندە ناو نراوە گوندی (هەرمن).

ئیدی ژیانی پێشتر وەك ئەم سەردەمە پێشكەوتووە نەبووە، بۆیە مرۆڤەكانی ئەو سەردەمە، كە بەم پرۆسە دژوارەدا تێپەڕیوون، ئەوانەی رزگاریان بووە زەنگی هۆشیاری و وریابوونەوە لە هزریاندا شۆكاندووینەتەوە، بەمەش فێربوون كە سوود لەو كارەساتانە وەربگرن و ژیانی  نوێ بۆ خۆیان بونیات بنێن، راستە هەموو كات گەنجینەیەك لە یادگاریی تاڵ لەلایان دەمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادە دەبن بۆ هەر پێشهات و دەرد و پەتایەكی تر.

كۆرونا (كۆڤید- 19)

پەتای سەردەمە و تا ئێستا بێ بوونی هیچ پێكوتێك، بێ ئەوەی هیچ دەرمانێكی چارەسەری یەكجارەكیی تایبەتی هەبێ، سەرەتا لە چینەوە سەری هەڵدا و ئێستا نزیكەی هەموو جیهانی بە خۆیەوە گیرۆدە كردووە، رۆژ بە رۆژ ژمارەی توشبووانی لە زیادبووندایە و‌ تا ئێستاش نەتواندراوە بەربەستێكی جددی و بنەڕەتی بۆ دابنرێت.

هەر لە زارۆكەوە تا بەساڵاچووان، كۆرۆنا بووەتە وێردی سەر زمان و قسە ‌و باسی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە هەموو جیهاندا، مانشێتی رۆژنامەكان و هەواڵەكان هەموویان باس باسی كۆرۆنا ‌و ئەو مەترسییانەیە، كە بەرۆكی مرۆڤایەتیی گرتووە و بەو هەموو سیستەمە مۆدێرن و دیجتاڵی و ئەم تەكنەڵۆژیایە ‌پێشكەوتووە، نەتوانراوە ڕێگە چارەیەك بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم ڤایرۆسە بدۆزرێتەوە.

ئەم پەتا سەردەمییە، زەنگی هۆشیاربوونەوەی گەیاندە هەموو مرۆڤایەتی و سەكتەرە جیاوازەكانی ژیان، گرنگترینیشیان، ئەم سەكتەرانە بوون:

پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان

كۆمەڵگە بەهۆش خۆی هاتەوە لەو شتانەی كە پێشتر تاكەكان فەرامۆشیان كردبوو، كۆرۆنا وەبیری هێناینەوە كە هەموومان مرۆڤین بەبێ جیاوازیی ڕە‌نگ و ئایین و نەتەوە و بیر و بۆچوون و ئایدیا و چین و توێژ، هەموو سنوورەكانی تێپەڕاند.

كۆرۆنا نیشانی داین هەموو مرۆڤایەتی لە یەك سەنگەردان ‌و ئەویش بە تەنیا لە دژی ئێمە راوەستاوە بێ جیاوازیكردن لەنێوان هەژار و دەوڵەمەند، خاوەن پایە ‌و خەڵكانی ئاسایی، دەسەڵاتداران و هاووڵاتیان. كۆرۆنا دەتوانێت هەموو سنوورەكان ببڕێت و خۆی بگەینێتە ‌سەنتەری قەفەزەی سنگمان، كۆرۆنا فێری كردین، دوژمنەكان دەست لە بینەقاقامان دەنێن و هەوڵ دەدەن بمانتاسێنن، هەر بۆیە پێویستە مرۆڤەكان پێكەوە هاوكار و هاوسەنگەر بن، لە بەرامبەر ترسناكترین دوژمن.

كۆرۆنا تێی گەیاندین پاكژتر و خاوێنتر ژیانی رۆژانەمان بەڕێ كەین، لە ‌هەر بیست  خولەكێكدا بۆ چەند چركەیەك دەستەكانمان پاك بشۆین. كۆرۆنا فێری كردین لە هەندێك دیاردەی كۆمەڵایەتی دەست لەملان و ماچكردن و دەستگوشینی پڕ موشتاقی كۆتاییهات، ئەمەش ئیدی لە ئایندەدا دەبێتە كولتوور، رەنگە تەوقە و ماچ و مووچی دۆستانە بۆ هەتا هەتایە لە نێو كۆمەڵگە گەرموگوڕەكاندا نەمێنێت، كۆرۆنا پێیگوتین چەندە ئێوەی مرۆڤ لە ‌بۆنە و ئاهەنگەكان و پرسەكان و كۆڕ و كۆبونەوەكاندا، لێك نزیك بن، هێرشی من دژوارتر دەبێت، بۆیە بۆ ئەبەد زۆربەتان لەیەك جیا دەكەمەوە، گەر جیا نەبنەوە، مەرگ دەكەم بە میوانتان.

تەندروستی

دەزگاكانی تەندروستی، هۆشیار بوونەوە لەمەڕ ئەو پێشبینییە كورتانەی كە لە رابردوودا هەیانبوو،‌ شڵەژانێك دروست بوو كە ‌هەر لە دەستكێش و دەمامك و ئەنتی (ڤایرۆس و میكرۆب و بەكتریا)وە،‌ تاكوو ئامێرە گەورەكانی وەك هەناسەی دەستكرد و پێداویستییەكانی دی سەرنجی پڕبایەخ لەخۆ بگرن و جارێكی تر پلانی تۆكمە ‌و دووربین بێتە ئاراوە،‌ تا سەكتەرەكانی تەندروستی بتوانن لە ئەگەری پێشهاتنی هەر جۆرە دەردێكی وەك دەردی كۆرۆنا، توانا و قودرەتیان بەسەردا بشكێت و بتوانن رێی لێ بگرن و بیشكێنن.

سەكتەری ئابووری

هەموو مرۆڤایەتی لەوە گەیشت هەرچەندە بە ‌گیرفان و پارە بیر بكرێتەوە،‌ دواجار بەڵایەكی كوشندەی سەردەمی دەتوانێت هەرچی دامودەزگا و فەرمانگە و ئۆرگان و فڕۆكەخانە هەیە ئیفلیجی بكات و ملیاران خەڵك بێكار بكات و لە گۆشەی ماڵێك كەرەنتینەیان بكات، ئەمەش ئەو زەنگە بوو كە كۆرۆنا لەگەڵ خۆیدا بە گوێی هەموومانیدا دا، كە تەنیا شەڕە جیهانییەكان ناتوانن ئابووری و ژیانی مرۆڤەكان بوەستێنن، بەڵكوو زۆر شتی هاوشێوەی كۆرۆنا هەن، كە لە داهاتوودا بتوانن لە هەموو سەكتەرەكاندا ببنە مۆرانە ‌و هیواش هیواش ناوئاخنی كەرتی ئابووری كرمۆڵ بكەن و هەرەس و داڕووخانی ئابووری، بەسەر زۆر لە ئۆرگانە ئابوورییە زەبەلاحەكانی جیهاندا بهێنن. هێشتا زووە بڵێین چەند كەسی دی بەهۆی كۆروناوە دەمرن، بە هەمان شێوەش جارێ زووە بڵێین، داخۆ چەندی دی بەهۆی ئیفلاسی و داڕووخانی ئابوورییەوە دڵ و دەماخیان دەوەستێت و دەمرن، درەنگ بێت یا زوو هەموومان پێكەوە ئەم پەتایە‌ تێدەپەڕێنین و سەر بە كۆرۆنا دەچەمێنین و ئێمەش وەكوو مرۆڤ لە شەڕێكی تردا، كە بەرۆكی مرۆڤایەتیی گرتبوو، سەردەكەوین.