ئەمەریكا دژی كۆرۆنا ھەنگاوێكی دیكە دەنێت
K24 - واشنتن
به گوێره‌ی دوایین داتاكان، تاكو ئێستا 104256 كه‌س لە ئه‌مەریكا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، لەنێویشیاندا 1704 كەس گیانیان له‌ده‌ستداوه. چاورێ ده‌كرێ له رۆژه‌كانی داهاتوو ئه‌م رێژه‌یه به‌رزبێته‌وه، بۆیە ئەمەریكا ھەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی دژە ڤایرۆسەكە چڕ كردووەتەوە.
رۆژانه پشكنین و تاقیكردنه‌وه بۆ هه‌زاران كه‌س له ئه‌مەریكا ده‌كرێ، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابن لە تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، له هه‌مانكاتدا هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ده‌رمان و ڤاكسینی تایبه‌ت دژی ئه‌م په‌تایه ده‌درێت.
دوایین هه‌وڵی ئه‌مەریكییه‌كان تاقیکردنەوی خوێنه، كه دەستیپێكردوه تاكو بزانن، كێ توانای بەرگری دژی ڤایرۆسەكە هەیە، ئه‌مه‌ش هیوایه‌كی زۆری دروستكردوه، له‌م رێگاوه رێژه‌ی مردن به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه كه‌مبكه‌نه‌وه.
ئێستا تاقیگە و کۆمپانیاكانی دەرمانسازیی، ھەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە، هه‌رچی زووتر ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كانیان بزانن، كه ئایا كه‌ڵك وه‌رگرتن له خوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی نه‌خۆشییه‌كه بوون، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە كاریگه‌ر بێ بۆ كه‌سانی دیكه و ئاستی به‌رگری له‌شیان به‌رز بكاته‌وه و له‌م رێگەوه ڤاكسێن و ده‌رمانی دژه كرۆناش ئامادە بكرێت.
فلۆریا کرامەر، له زانکۆی ماو‌نت سنا، له به‌شی دژه ڤایرۆس، ئاشكرای كردوه، تاقیكردنه‌وه‌ی خوێن، كارئاسانی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئەو کەسانەی بەرگری دژی ڤایرۆسەکەیان دروستکردووە، دەتوانن ره‌وتی ئاسایی ژیان له وڵاته‌كه بخه‌نه‌وه سه‌ر رێڕه‌وی خۆی.
کرامەر ئاماژەی بەوەشكردووە، توێژه‌ره هاوپیشەکانی، یەکەم هەنگاوی تاقیکردنەوەکانیان لە ئەمەریکا بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆزیوەتەوە، ئێستا تاقیگەکەیان خه‌ریكی دابەشکردنی کەرەستەکانی تاقیکردنەوەکەیه، بۆ رێکخراوەکانی دیكە و رێنمایی کردنیان بۆ چۆنیه‌تی تاقیکردنەوەکان، لەم ھەفتەیەدا، تاقیگە دەرمانییەکانی زانكۆی ماو‌نت سنا، تاقیکردنەوەکان ده‌ست پێده‌كه‌ن.
د. ئیبراهیم خێڵانی، پسپۆری هەناو و پیری و پزیشكی خێزانی، له ویلایە‌تی مه‌ریلاند، سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی خوێن، به كوردستان24ی راگه‌یاند "ئه‌م ئه‌زموونه بۆ پاش شه‌ڕی دووە‌می جیهانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا خه‌ڵكێكی زۆر به‌هۆی ئەنفلەونزاوه مردون، به‌ڵام دواتر دكتۆره‌كان توانیویانه له رێگای ڤاكسینی خوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه تووشی ئەنفلەونزا بوون، نیوه‌ی نه‌خۆشه‌كانی دیكه له مردن رزگار بكه‌ن".
ئەوەشی خستەڕوو "ئه‌نجامدانی تاقیکردنەوەیەکی له‌م جۆره ئاسان و هه‌رزانه و ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌می ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاكامه‌كه‌شی ده‌ركه‌وێ، ئه‌مه‌ش پرۆسەی چاره‌سه‌ریەكە زۆر خێراتر ده‌كات، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌نجامی باشی ھەبێت".