دەستگیركراوانی داعش لە بەندیخانەیەكی رۆژئاوای كوردستان ھەڵاتن

زیاتر لە 11 ھەزار چەكداری داعش لە زیندانەكانی رۆژئاوای كوردستانن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەكرەم ساڵح، پەیامنێری كوردستان24 لە حەسەكە رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەكدارانی داعش كە لە بەندیخانەیەكی حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان بەند كرابوون، دوای شكاندنی كامیراكانی چاودێری و شكاندنی دەرگا لە بەندیخانەكە ھەڵاتوون".

گوتیشی: "ھەڵاتنی ئەو دەستگیر كراوانە بە پلان بووە، چونكە ھەموو ژوورەكان ئاگادار بوونە و دەرگا و پەنجەرەكان شكێندراون".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "زیاتر لە 11 دەستگیر كراو ھەڵاتوون و تائێستا تەنھا توانراوە چواریان دەستگیر بكرێنەوە، كە ئەو چوار كەسە پلانی شكاندنی دەرگای بەندیخانەكەیان داڕشتووە".

پێشتر 4500 كەس پاسەوان ئەو بەندیخانەیان كردووە، بەڵام لەكاتی ھێرشی توركیا ژمارەی پاسەوانان كەمكراوەتەوە بۆ 2500 كەس و ھەسەدە ناردونی بۆ بەرەكانی شەڕ.

بەگوێرەی ئامارەكان 11 ھەزار و 500 چەكداری داعش لە بەندیخانەكانی رۆژئاوای كوردستان بەندكراون، ھەروەھا 73 ھەزار كەسوكاری چەكدارانی داعش كە زۆربەیان ژن و منداڵن لە زیندان و كەمپەكانی رۆژئاوای كوردستانن، چەندین جار بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوای لە وڵاتان كردووە، كە چارەیەك بۆ دەستگیركراوانی داعش بدۆزنەوە.