نیشانەیەكی دیكە بۆ ناسینەوەی تووشبووانی كۆڕۆنا ئاشكرا كرا

پزیشكانی ئەمەریكا هۆشداری لەبارەی نیشانەیەكی نوێی كۆڕۆنا دەدەن

K24 – هه‌ولێر:

پزیشكانی ئەمەریكا هۆشداری دەدەن، كە یەكێك لە نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا لەلایەن هەندێ كەس بریتییە لە هەوكردنی پێڵووی چاو و سووربوونه‌وه‌ی سپێنه‌ی چاويان.

ماڵپەڕی (روسیا الیوم) بڵاويكردووه‌تەوە، بە پشت بەستن بەو زانیاری و داتایانەی پزیشكە چینییەكان كۆیان كردووەتەوە، بەشێك لەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوون، نیشانەیەكی نوێیان لێ بەدەركەوتووە، كە بریتی بووە لە هەوكردن و سووربوونەوەی چاويان، بە جۆرێك لە نێوان 30 كەس، تەنها یەك كەس تووشی ئەم حاڵەتە بووە.

هەروەها لە توێژینەوەیەكی پزیشكانی ئەمه‌ریكادا، لە 30 نەخۆشخانەی جیا جیای چین دەركەوتووە لە 1099 تووشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنا 19 حاڵەتیان تووشی هەوكردنی چاو بوون.

لەگەڵ ئەوەشدا روونیانكردووەتەوە، هەرچەندە مەرج نییە هەموو جۆرە هەوكردنێكی چاو نیشانە بێت بۆ ئەوەی كەسەكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووبێت، بەڵام دەركەوتنی لەلایەن هەندێ تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە، بووەتە ئەگەرێك دەبێ هەڵوەستەی لەسەر بكرێت.