خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و فیلمه‌ی كه‌ "باس له‌ ئێستای ژیانی مرۆڤ" ده‌كات

سەكۆكە: خۆنیشاندان و سیاسەت بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ

K24 - هه‌ولێر:

فیلمە  ترسناكەكەی  Glader Gaztelu Urrutia بە ناونیشانی The Platform  لە ھەینی پێشووەوە و ھەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی لە Top 10 ی Netflix بووە، بێگومان لە 10 باشترینەكان ده‌بێت كاتێك خواردنی گۆشتی مرۆڤ و خۆكوشتن و برسیكردن و خوێن و ئازایەتی و قێزەونی تیادا بێت؟ تێكەڵەیەكی سەیری فیلمی نیوەشەو لەگەڵ رەخنەیی كۆمەڵایەتی، وێنەكان بە شێوەیەكی ئاشكران بەڵام كاریگەربوونیان گومانی لێناكرێت، وەك زەمین لەرزەیەك دەتھەژێنێت و پەیامی جیاواز و فراوانت ئاڕاستە دەكات.

سیناریۆكەی دیڤید دیرسۆلا و پیدرۆ ریفیر لەسەر ھەوڵە وەحشیگەراییەكانی خۆگونجان لە كۆمەڵگەدا و بیركردنەوەی داروینی توند بنیات نراوە.

لە بەندینخانەیەكی ستوونیدا، ھەر نھۆمێك لە تەنیا ژوورێك پێكدێت، ھەر ژوورە و دووكەس تیایدا بەند كراون، لە ناوەندی ھەر ژوورێكدا، لە سەرەوە بۆ خوارەوە، چاڵێكی فراوان ھەیە، لەم چاڵەدا سەكۆی خواردنەكان ژوور بە ژوور رادەوەستێ، وەك ئەوەی ئەسانسۆری خۆراك بێت و رۆژانە تەنھا یەك جار بۆ كەمترین كات بووەستێت.

لە دەستپێكی جووڵە، سەكۆكە پڕە لە خواردن و خواردنەوە "ئەگەر ھەمووان ئەوەندە بخۆن كە پێویستیانە " ئەمە روونكردنەوەی یەكێك لە كارگێڕانی بەدینخانەكەیە "خواردن دەگاتە ھەموو چینەكان".

بەڵام ئەم بەندینخانەیە لە 200 نھۆم پێكدێت، ئەگەر بەندكراوانی چینی سەرەوە دەمووچاویشان بخەنە خواردنەكەوە (وەك ئەوەی لە فیلمەكە دەیكەن) ئەوا بارودۆخی چینەكانی خوارەوە تا قووڵتربێت خراپتر و رەشبینتر دەبێت.

لەم دۆزەخە بەرزەدا، جۆرینج (ئیڤان ماساجۆی) دێت، كە بەندكراو نییە، بەڵكو خۆبەخشە و واژۆی لەسەر رێككەوتنێك كردووە وەك مشكێكی تاقیكردنەوە بۆ ماوەی شاش مانگ بەكاربھێندرێت، لە بەرانبەردا بروانامەیەكی دیپلۆمی پێ دەبەخشرێت، بەڵام ئەو تووشی ترس دەبێت لەو دیمەن و رووداوانەی روودەدەن و بیرۆكەی سەكۆكە و ئەو توندوتیژییەی بەرچاوی دەكەوێت، بە ھاوژوورەكەی دەڵێت: "رەواترە خواردنەكان بەش بكرێت" ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "تۆ شيوعیت؟".

بەو شێوەیە و بە ناڕاستەوخۆ بیرۆكە سیاسییەكان پیشان دەدات، سەكۆكە لە تێكەڵەیەكی مەزرای ئاژەڵان و زنجیرەی ئەنیمەیشنی ئەمریكی South Park پێكھاتووە.

بە رەچاوكردنی كاتی بڵاوكردنەوەی، پەیامەكانی فیلمەكە زۆر بە سەركەوتوویی گەیشتن، بە ھێزیكی زۆرەوە كۆمپانیای نێتفلێكس لە فێستیڤاڵی تۆرنتۆدا ڤیدیۆیەكی فیلمەكەی بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد كە لە بەھاردا دەتوانن بیبینن، كەس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەكرد ئەوەندە دووربێت لە رۆشنبیری مرۆڤ و ئەوندە بە باشی بەكاربھێندرێت، بەڵێ رەشبینییەكی تاریكە، چونكە تاكە فریادڕەس راكردنە لە یارمەتیدانی یەكتر "ئۆخەی ئۆخەی ھەركەس بۆ خۆی".

ئەگەر فیلمێك ھەبێت باسی ئەم چركەیەی ژیان بكات، ئەم فیلمەیە.

The New York Times

نووسینی:  Jason Bailey

وەرگێڕانی: ژوولی عەدنان

The Platform