سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا یانه‌ی لازیۆ ده‌ست به‌ راهێنانه‌كان ده‌كاته‌وه‌

هەفتەی داهاتوو یانەی لازیۆ دەست بە ئامادەکارییەکانی دەکاتەوە

کلاودیۆ لوتیتۆ سەرۆکی یانەی لازیۆی ئیتاڵی رایگەیاندووە هەرچەندە بارودۆخی ئیتاڵیاش خراپە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەڵام ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان هەفتەی داهاتوو دەست بە ئامادەکارییەکانیان بکەنەوە.

 رۆژنامەی کۆریری دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ هەڵۆکانی رۆما ئامادەن بۆ دەست پێکردنەوەی راهێنانەکانیان، سەرەرای ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ئیتاڵیا هەیە.

به‌رپرسانی یانه‌ی لازیۆ هەماهەنگی کردووە لەگەڵ وەزیری وەرزشی وڵاتەکەیان کە  ئامادەیی خۆی دەربریوە بۆ راهێنان کردن بە هەموو یانەیەک لە مانگی داهاتوو و حوزەیران تا ئەو کاتەی ئیتاڵیا ئەو بارودۆخە ناخۆشە تێدەپەرێنێت، پێشبینیش دەکرێت وەزیری وەرزشی لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسی وەرزشی تۆپی پێ لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانس پەیوەندی ئەنجام بدەن لە پێناو یەکلایی کردنەوەی سەرجەم پالەوانتیە وەرزشیەکان لە ماوەی داهاتوودا.

لازیۆ ئەم وەرزە ئاست و ئەنجامیان باشە و لە کۆی 26 یاریی کە کراوە، 19 یارییان بردووەتەوە بە جیاوازی تەنها خاڵێک دوای یۆڤێنتۆسی پێشەنگ دەبینرێن.