سەندیكای رۆژنامەنووسان داوای جێبەجێكردنی رێنماییەكان دەكات

بۆ بازگەكان پێویستە هەر رۆژنامەنووسێك به‌ڵگه‌نامه‌ی پشتڕاستكراوه‌ی پێ بێت

K24- هه‌ولێر:

سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوا له‌ كه‌ناڵه‌كان، ده‌زگا میدیاییه‌كان و ته‌واوی رۆژنامه‌نووسان ده‌كات، پابه‌ندی دوایین رێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی كۆرۆنا بن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش مه‌رجه‌كانی رێگه‌پێدان به‌ تیمی رۆژنامه‌نووسان به‌ چه‌ند خاڵێك ده‌خاته‌ روو.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان:

دوا بەدوای پرێس كۆنفرانسی وەزیری ناوخۆ ‌و وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و لەسەر داوای وەزیری ناوخۆ بۆ رێكخستنی كاری رۆژنامەنووسان ‌و دەزگەكانی میدیایی، ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسان ئەم رێنماییانە بۆ سەرجەم رۆژنامەنووسان ‌و دەزگەكانی میدیایی بڵاودەكاتەوە:

1- رۆژنامەنووسان ئازادن لە راییكردنی بەرپرسیارێتی خۆیان، هاوكات پێویستە پابەندی تەواوی رێنمایی ‌و بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ ‌و تەندروستی و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا ‌و ئیدارە سەربەخۆكان بن.

2- پێویستە هەموو كەناڵ ‌و دەزگەیەكی میدیایی لیستی ناوی كارمەند ‌و ئەو رۆژنامەنووسانەی (لە كاردان)، بداتە تیمەكانی رۆژنامەنووسی خۆی بۆ ئەوەی رێگری لە هاتووچۆكردنیان نەكرێت، هاوكات لیستی ئەم ناوانە بۆ سەندیكا لە رێگەی ئیمێلی سەندیكاوە بنێردرێت، یاخود پەیوەندی بكەن بە یەكێك لە ئەندامانی ئەنجوومەن‌ و لیژنەی داكۆكی، كە لە خوارەوە ژمارەی تەلەفۆنیان نووسراوە.

3- مەرج نییە هەموو ئەندامێكی سەندیكای رۆژنامەنووسان لە ئەرك دابێت، بۆیە سەندیكا داوا لە سەرجەم رۆژنامەنووسان دەكات، پابەندی رێنماییەكانی فەرمی بن، ئاسانكاری هاتووچۆی رۆژنامەنووسان تەنها ئەو كەسانە دەگرێتەوە، كە لە كاری رۆژانە دان، بۆ بازگەكانیش پێویستە هەر رۆژنامەنووسێك ‌و تیمێكی رۆژنامەنووسی (پێناسی سەندیكا ئەگەر ئەندام بوو لەگەڵ پێناس یان باجی كەناڵە میدیاییەكەی ‌و هەروەها نووسراوی فەرمی كەناڵەكەی كە بسەلمێنێت لە كار دایە) بەیەكەوە پێبێت ‌و ئامادە بێت.

4- پێویستە دەزگەكانی میدیایی بە ئۆتۆمبیلی دەزگاكەی هاتووچۆ بە رۆژنامەنووسانی بكات، واتە ئۆتۆمبێلی شەخصی بەكار نەهێنرێت.

5- بۆ بەدواداچوون ‌و زانیاری تكایە پەیوەندی بە سكرتاریەتی ئەنجوومەن ‌و لیژنەی داكۆكییه‌وه‌ بكەن:

- ئازاد حەمەدەمین: نەقیبی رۆژنامەنووسان        07504458197

- ئەنوەر حسێن: جێگری نەقیب                      07701535029

- هەندرێن ئەحمەد: سكرتێری ئەنجوومەن         07504472264

- ئەكەد موراد: ئەندامی ئەنجوومەن                 07504513423

- خۆشناڤ جەمیل: ئەندامی ئەنجوومەن            07504509838

- نەزاكەت حسین: سەرۆكی لیژنەی داكۆكی       07701550604

ئیمێلی سەندیكا: [email protected]

سكرتاریەتی ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان 4/4/2020

H.B