ئاماری كۆرۆنا لە ئیتاڵیا روو لە كەمبوونەوەیە

رێژەی تووشبوونیش تا رادەیەك سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە

K24- هەولێر:

ئیتاڵیا ئاماری تووشبوون، مردن و چاكبوونەوەی 24 كاتژمێری رابردووی كۆرۆنای لە وڵاتەكەی راگەیاند و بە رێژەیەكی بەرچاو مردن بەهۆی پەتاكە لەو وڵاتە رووی لە داكشانە.

ئەنجیلۆ بۆریلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاراستنی مەدەنی لە ئیتاڵیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 525 كەسی دیكە بەهۆی پەتای كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش تا ئێستا 15 هەزار و 887 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە.

ئەم ژمارەیەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەمڕۆ بە شێوەیەكی بەرچاو رێژەی مردن بەهۆی ئەو پەتایە لەو وڵاتە رووی لە دابەزین كردووە، لەكاتێكدا لە ئاماری 24 كاتژمێری دوێنێدا 760 حاڵەتی مردن لەو وڵاتە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە راگەیەندرابوو.

بۆریلی گوتی: كۆی ئەوانەی تا ئێستا لە ئیتاڵیا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، ژمارەیان بۆ 128 هەزار و 948 حاڵەت بەرز بووەتەوە، ئەم ئامارەش جۆرێك لە سەقامگیری لە رێژەی تووشبوون بەو پەتایە لە ئیتاڵیا نیشان دەدات، كە لە ماوەی 24 كاتژمێر رابردوودا 4 هەزار و 316 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆماركراون، كە لە رۆژانی رابردوودا كەمترین ئامار لە سنووری 4 هەزار و 805 حاڵەتی تووشبوون نەهاتبووە خوارەوە.

H.B