لە ترسی ڤایرسی کۆرۆنا لە سوێد یارییەکی تیپە میلییەکان بەنهێنییەوە ئەنجام درا

ئه‌م یارییه‌ له‌ ترسی ده‌ستێوه‌ردانی كۆمپانیاكانی گره‌وكردن به‌نهێنی ئه‌نجام دراوه‌

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەوروپا هیچ یاریی و پاڵەوانێتی و چالاکییەکی وەرزشێ بەڕێوە ناچێت و ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرجەمیانی پەکخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیانێکی گەورە بەر کۆمپانیاکانی گرەوکردن بکەوێت.

هەفتانە کۆمپانیاکانی گرەوکردن قازانجی خەیاڵیان بەهۆی گرەوکردن لەسەر یارییەکان دەکرد، بەڵام بەهۆی وەستانی یارییەکان ململانێیەکی گەورە لەسەر یارییەکی دۆستانەی دوو تیپی میللی لە سوید دروستبوو، بۆیە یارییەکە بە ناچاری بە نهێنییەوە ئەنجام درا.

رۆژنامەی سپۆرت بلادێتی سوێدی ئاشکرایکردووە، گەرچی خولەکانی سوێد بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە راگیراون، بەڵام هەفتەی رابردوو وابڕیاربوو یارییەکی دۆستانە لە نێوان یانەیەکی پلەی حەوت و یانەیەکی پلە هەشت ئەنجام بدرێت، کەچی بەهۆی زۆری چاوی کۆمپانیاکانی گرەوکردن لەسەر ئەم یارییە، هەردوو یانە بە نهێنییەوە یارییەکەیان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو وابڕیاربوو یانەی ئیسکیلستۆنا کە لە خولی یانە پلە حەوتەکان یاریی دەکات، رووبەڕووی یانەی ناشۆلتا ببێتەوە کە لە ریزی یانە پلە هەشتەکانی سوێد یاریی دەکات، بەڵام دوای ئەویە هەردوو یانەکە زانیان نزیکەی ١٥٠ کۆمپانیای گرەوکردن ئەم یارییەیان بۆ گرەوکاران خستووەتە روو تاکو گرەو لەسەر رووداو و ئەنجامی یارییەکە بکەن، یارییەکەیان بۆ رۆژی شەممە دواخست.

یارییەکە گەرچی دۆستانە بوو، بەڵام بەهۆی مەترسی لەسەر یاریکردن بە ئەنجامی یارییەکە و دەستتێوەردانی کۆمپانیاکانی گرەوکردن، رۆژی شەممە هەردوو یانە بە نهێنییەوە یارییەکەیان ئەنجام دا و بە ئامادەبونوی ژمارەیەکی کەمی هاندەران ئیسکیلستۆنا بە شەش گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ بردنەوەی بەدەستهێنا، کە تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هیچ وێنە و ڤیدیۆیەکی یارییەکە بڵاو نەکرایەوە.