گەرمیان.. وێڕای قەدەغەی هاتوچۆ كەسێك بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا

هەردوو قوربانییەكە بران

K24- گەرمیان:

وێڕای بەردەوامی قەدەغەی هاتوچۆ، كە لە چوارچێوەی رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا راگەیەندراوە، لەسەر رێگەیەکی لاوەکی لە ناحیەی سەرقەڵا، بە هۆی پێکدادانی ماتۆڕسکیلێك و ئۆتۆمبیلێکەوە کەسێك گیانی لەدەستدا.

ژووری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، ئەم شەو وێڕای بەردەوامی قەدەغەی هاتوچۆ، لەسەر ڕێگەیەکی لاوەکی لە ناحیەی سەرقەڵا لە روداوێکی هاتوچۆدا لە نێوان ماتۆڕسکیلێك و ئۆتۆمبێلێکی جۆری تویۆتا لێکسز لە نزیك گوندی سەی جەژنی، کەسێك گیانی لەدەستدا و یەكێكی دیكەش بریندار بوو، کە هەردووکیان بران و بەڕەگەز عەرەبن.

ڕوداوەکە لەکاتێکدا بووە كە ماتۆڕسکیلەکە لە ناحیەی سەرقەڵاوە بەرەو گوندی سەی جەژنی گەڕاوەتەوە، ئۆتۆمبێلەکەش بەپێچەوانەوە، لە ئەنجامدا ئەو دوو برایە کە لەسەر ماتۆڕسکیلەکە بوون یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەشیان برینداربووە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا.

H.B