نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی ھەولێر لە رێگەی ھێڵی گەرمەوە وەڵامی دایكان دەداتەوە

پزیشكە پسپۆرەكان راستەوخۆ لەگەڵ دایكان و ئافرەتە دووگیانەكان دەدوێن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بۆ رێگریكردن لە بەریەككەوتن و وەڵامدانەوەی ھاووڵاتییان، نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی ھەولێر ھێڵی گەرمی راگەیاندووە و پزیشكەكان راستەوخۆ وەڵامی دایكان و ئافرەتانی دووگیان دەدەنەوە.

دكتۆرە مەھاباد سابیر، لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "تایبەتمەندی ئەو ھێڵە گەرمە ئەوەیە، پزیشكە پسپۆرەكان راستەوخۆ وەڵامی ھاووڵاتییان دەدەنەوە".

گوتیشی: "رۆژانە لە كاتژمێر 9ی بەیانی تا 1ی دوای نیوەڕۆ، ھەروەھا ئێواران لە كاژمێر 4 تا 8ی شەو بەردەوام دەبێت. ھاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی 07510560172 بكەن".

راشیگەیاند: "بەھۆی قەدەغەی ھاتووچۆ ھاووڵاتییان ناتوانن بۆ ھەموو شتێك بێنە دەرەوە، ھاوكات زۆربەی نەخۆشخانە تایبەتەكان داخراون، بەشی زۆری نەخۆشەكان روویان لە نەخۆشخانە حكومییەكان كردووە، ئەمەش فشاری زۆری خستووەتە سەر نەخۆشخانەكەمان، بۆیە ئامانجمانە لە رێگەی ئەو ھێڵە گەرمەوە رێنمایی بدەینە دایكان و ئافرەتانی دووگیان و وەڵامی پرسیارەكانیان بدەینەوە، ئەوانەشی كە پێویستە سەردانی نەخۆشخانە دەكەن و چارەسەر وەردەگرن".