حاكمی نیۆیۆرك: ئەگەر ترەمپ فەرمانیش بكات من جێبەجێی ناكەم

گوتەیەكی ترەمپ كاردانەوەی توندی یاساناسانی ئەمەریكای بەدوای خۆیدا هێنا

K24- هەولێر:

ئەندرۆ كۆمۆ، حاكمی ویلایەتی نیۆیۆركی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، "هەر بڕیارێك ترەمپ لەبارەی كردنەوەی ویلایەتەكەی بدات، كە زیانی بۆ تەندروستی گشتی هەبێت، من جێبەجێی ناكەم".

لە دیدارێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی "سی ئێن ئێن" كۆمۆ گوتی: "ئەگەر ترەمپ فەرمانم پێ بكات كە ویلایەتەكە بكەمەوە و بزانم فەرمانەكەی زیان بە تەندروستی گشتی ویلایەتەكەم دەگەیەنێت، ئەوا هەرگیز ئەو فەرمانە جێبەجێ ناكەم".

جەختیشی كردەوە، هەر بڕیارێكی لەم شێوەیە بە "تەحەدییەكی دەستووری" لە نێوان ویلایەتەكان و حكومەتی فیدراڵ دەزانین و دۆسییەكە دەگوازرێتەوە بۆ دادگا.

رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، "من لەو باوەڕەدام دەسەڵاتی تەواوم هەیە بۆ بڕیاردان لەبارەی هەر رێكارێك لە چوارچێوەی بڵاوبوونەوەی كۆلارۆنا لە سەرجەم ویلایەتەكانی ئەمەریكا".

ئەو قسانەی ترەمپیش كاردانەوەی توندی یاساناسانی ئەمەریكای بەدوای خۆیدا هێنا و دووپاتیان كردەوە، "ترەمپ ناوەڕۆكی دەستووری ئەمەریكای لەبیر كردووە".

ئەمە لەكاتێكدایە، ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بەخێرایی لە ئەمەریكا بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا هەزاران كەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 600 هەزار كەسیش تووشی پەتاكە بوون، زۆرترین زیانی گیانیش بەر ویلایەتی نیۆیۆرك كەوتوون، بەو هۆیەشەوە رێكاری تایبەت بۆ رێگریكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاكە گیراونەتە بەر.

H.B