به‌ڤیدیۆ..ئیبن سینا به‌ر له‌ هه‌زار ساڵ باسی نه‌خۆشییه‌كی هاوشێوه‌ی كۆرۆنا ده‌كات

باسی كه‌ره‌نتیینه‌ی خه‌ڵك و داخستنی مزگه‌وته‌كانی ده‌كات
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

فیلمی (The soviet movie Avicenna) (سۆڤیه‌تی ئیبن سینا) له‌ ساڵی 1956 له‌ رووسیا له‌ تاشقه‌ندی پایته‌ختی ئۆزباكستان له‌لایه‌ن (كامیل یارماتوڤ)به‌زمانی رووسی به‌رهه‌مهێنراوه‌.

فیلمه‌كه‌ باسی كه‌سایه‌تی و زانسته‌كه‌ی ئیبن سینا ده‌كات، له‌ یه‌كێك له‌و دیمه‌نانه‌ی سه‌رنجی خراوه‌ته‌ سه‌ر باسكردنی جۆره‌ ڤایرۆسێكه‌ به‌ده‌ست و ده‌موچاو و قژ و جلوبه‌رگه‌كانه‌وه‌ ده‌نووسێت.

هه‌ر له‌ فیلمه‌كه‌دا ئه‌و رێنمایی و نیشانانه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ بۆ خۆپارێزی له‌و ڤایرۆسه‌ ئیبن سینا ئه‌و كاته‌ خستوویه‌تییه‌ روو.

بۆ نموونه‌: 

له‌ دیمه‌نێكدا ده‌ڵێت: بەئەنجامێك گەیشتووم كە گشت نەخۆشیە درم و گوازراوەكان، ته‌شه‌نه‌ ده‌كه‌ن و بڵاوده‌بنه‌وه‌، به‌چاوی ئاسایی نابینرێن (لێره‌دا مه‌به‌ستی ڤایرۆسه‌كه‌یه‌‌) دەبنە هۆكاری تای بەرزو مردنی رەش (كه‌ تاعوونه‌).

هه‌روه‌ها باسی ده‌روونی مرۆڤ ده‌كات و ده‌ڵێت: "مه‌ترسن له‌نه‌خۆشی، چونكه‌ نه‌خۆشی به‌ دوای ترسنۆكه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشی ناترسێت، نه‌خۆشی له‌و ده‌ترسێت، بۆیه‌ ترس وا له‌مرۆڤ ده‌كات تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ ببن و بمرن".

لەیەكێك له‌ دیمه‌نه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كان،  ئیبن سینا دەچێتە سەردانی ئەبو ڕەیحانی بیرونی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ جوگرافیاناس و گه‌ردوونناسی شارستانییه‌تی ئیسلامی كاتێك بیرونی دەیەوێت ئیبن سینای میوان لەباوەش بگرێت، به‌ڵام ئیبن سینا داوا ده‌كات له‌ باوه‌شی نه‌گرێت و نزیكی نه‌كه‌وێته‌وه‌ پێی ده‌ڵێت كه‌ جلی خاوێن و ئاوی خەلی بۆ بێنێت تا دەست و چاوه‌كانیان بشۆن

بیرونی پرسیاری ئه‌وه‌ی لێده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ دابونرێتی چ گه‌لێكه‌؟ ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: "ئه‌م نه‌ریته‌ پێویسته‌ له‌وڵاتێكدا جێگیر بكرێت كه‌ تاعوونی ره‌شی تێدا جێگیره‌".

بۆ رزگاربوون له‌و نه‌خۆشییه‌ ئیبن سینا ده‌ڵێت: "سه‌ره‌تا ده‌بێت خه‌ڵكی له‌ترس و تۆقانی نه‌خۆشییه‌كه‌ رزگاربكرێت ئه‌وه‌ گرنگترین شته‌".

ده‌شڵێت: "تاعوونی ره‌ش له‌مرۆڤێكه‌وه‌ بۆ مرۆڤێكی تر ده‌گوازرێته‌وه‌ به‌ هه‌موو شتێكه‌وه‌ ده‌نووسێت، به‌ده‌ست و قژ و جله‌كان، ته‌نانه‌ت به‌هه‌واشدا بڵاوده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ نابێت خه‌ڵكی به‌یه‌كه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، پێویسته‌ بازاڕ و مزگه‌وته‌كان دابخرێن و خه‌ڵكی له‌ماڵه‌كانیاندا نوێژ بكه‌ن".

ئیبن سینا كێیه‌؟

ئیبن سینا ناوی تەواوی ئەبو عەلی حسین ئیبن عەبدوڵا ئیبن حەسەن ئیبن سینایە، ناسراوە بە ئەبوعەلی سینا و لای ئەوروپیەكان و ڕۆژئاواییەكان بە (Avicenna)  ناسراوە.

ئیبن سینا زانا و فەیلەسوف و بیركاریزان و فیزیازان و ئەستیرەناس و پزیشكی بەناوبانگی جیهانی و ئیسلامی بووە لە 22ی ئابی 980 زایینی لە ئەفشانەی نزیك بوخارا (كە دەكاتە ئۆزبەكستانی ئێستا) لە دایكبووە.

كاتێك تەمەنی 10 ساڵ بووە فێری قورئان و ئەدەبی عەرەبی بووە، لەتەمەنی 13 ساڵیدا دەستی كردووە بە خوێندن لەبواری دەرمان و پزیشكیدا، له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا توانیویه‌تی ببێته‌ پزیشكێك خه‌ڵكی پشتی پێ ببه‌ستن.

لەماوەی ژیانیدا زیاتر لە 230 كتێبی لە چەندین بواری جۆراو جۆردا نووسیوە، لە22ی 6ی ساڵی 1037 زایینی لە شاری هەمەدان كۆچی دوای كردووە.

كارو به‌رهه‌مه‌كانی

بەشداری سەرەکی ئیبن سینا لە بواری زانستی پزیشکیدا بریتیە لە کتێبی  (القانون في الطب) (یاسا له‌ پزیشكیدا) کە لە ڕۆژئاوادا بە (The Canon of Medicine) ناسراوە, ئەم کتێبەی لە ساڵی 1025 دا تەواوکردووە پێکھاتووە لە ئینسایکڵۆپیدیایەکی دەرمان، ساڵی 1593ز لە چاپدراوە و بەمەش یەکێکە لە سەرتاییترین ئەو کتێبە عەرەبیانەی چاپكراوه‌.

 ئەم کتێبە لە سەدەی دوازدەی زایینیدا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی لاتینی  تاوەکو نزیکەی نیوەی سەدەی پازدەیەمی زایینی ئەم کتێبە پازدە جار بە لاتینی و یەک جاریش بە زمانی عیبری بە چاپ گەیەنراوە، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێکی لێ وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینگلیزی،  لە سەدەی دوازدە تا حەڤدە کتێبی القانون وەک ڕێبەری سەرەکی پزیشکی بەکارھێنراوە، وەک باسیش دەکرێت کاریگەری زۆری کردووەتە سەر لیۆناردۆ داڤینچی.

سه‌رچاوه‌كان:

روسيا اليوم

الرياض