ئەنجامی گفتوگۆكانی شاندی حكومەتی ھەرێم لە بەغدا دەخرێتەڕوو

شاندی حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر سەردانی بەغدای كردبوو، لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبنەوە و ئەنجامی گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەخەنەڕوو.

جەمال حەوێز، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەگەڵ شاندی حكومەت كۆدەبینەوە لەبارەی سەردانەكەیان بۆ بەغدا، ئێمە پێمان باشە لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجام بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە پێشتر لەنێوانمان ھەبووە، بەتایبەتی ئێستا بەھۆی لێكەوتەكانی كۆرۆنا گوزەرانی خەڵك باش نییە".

گوتیشی: "ئەگەر بەغدا شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان نەنێرێ، لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار دەكەین، چونكە ئەوە زوڵمە لە خەڵكی كوردستان دەكرێت".

ھەروەھا ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24ی گوت: "بۆ بەرچاو روونی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان بانگێشتی شاندی حكومەت كراوە بۆ پەرلەمان، بە دڵنیاییەوە ئێمەش چەند پرسیارێك ئاراستەی شاندەكە دەكەین، بۆ ئەوەی تەواوی زانیارییەكان پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان بكەن".

راشیگەیاند: "دەبێ تێگەیشتن لەنێوان پەرلەمان و حكومەت ھەبێت و تەواوكاری كارەكانی یەكتر بین".