راگەیه‌ندراوی ئه‌مڕۆی وەزارەتی تەندروستی

نوێترین ئاماری تووشبووان راگه‌یه‌ندرا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (28ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2020)، راگه‌یه‌ندراوی ژماره‌ (64)ی رۆژانه‌ی خۆی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هەرێمی کوردستان گەیشتە (366) تووشبوو،  لەناویاندا (5) حاڵه‌تی مردن هەیە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی ژماره‌ (64)

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان،  رێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:

1- کەرەنتین

ژمارەی هاووڵاتیان لە کەرەنتینەکان (9196) هاووڵاتی بوون، لەئێستادا تەنها (1602) هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە لە (33) شوێنی جیاواز (572) لە هەولێر، (259) لە سلێمانی، (730) لە دهۆك، (41) لە راپەرین، (7594) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەرەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە 24 کاتژمێری رابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو (165) هاووڵاتی.

2- پشکنین

لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو (1706) پشکنین ئەنجام دراوە، (1121) هەولێر، (158) سلێمانی، (300) دهۆك، (25) هەڵەبجە،(12) ڕاپەرین، (90) سۆران. ئەنجام (11) تووشبووی نوێ تۆمارکراو بەم شێووەیەی خوارەوە:

* پارێزگای هەولێرە(11) پۆزەتیڤ:

* (10) تووشبوو لە قەزای سۆران دەستنیشانکران، سێ پیاو و چوار ئافرەت و سێ منداڵ کە بەرکەوتە و خانەوادەی تووشبووێکی پێشوون.

* (1) تووشبوو کە ئافرەتێکی تەمەن 75 ساڵ دانیشتووی گروپی ئەندازیارانی شاری ھەولێرە دوای گیانسپاردنی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو.

3- ئاماری گشتی

کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەیشتە (366) تووشبوو،  لەنێویاندا (5) مردن هەیە و (322) نەخۆش چاکبووەتەوە، ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان جارێکی تر تکا دەکەین هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان و پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستی، لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (122).

وەزارەتی تەندروستی

حکومەتی هەرێمی کوردستان

28ی نیسانی 2020