کۆرۆنا زیانی گه‌وره‌ لە دامەزراوەی شەمەندەفەری ئەڵمانیا و کۆمپانیای فڕۆکەوانی لوفتهانزا دەدات

زۆربەی کۆمپانیاکانی هێناوەتە سەر ئەژنۆ

K24 – هۆڵەندا:

شەمەندەفەری چۆڵی بێ خەڵک و بار گواستنەوەی بەردەوام و بڕیارەکانی حکومەت بۆ بەرەنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەردەوام بوون لە خزمەتگوزارییەکان لە هەموو وڵاتدا، زۆربەی کۆمپانیاکانی هێناوەتە سەر ئەژنۆ، هەردوو گەورە کۆمپانیای گواستنەوەی شەمەندەفەر و فڕۆکەوانی لە ئەڵمانیا زیانەکانیان بە چەندین ملیارد مەزەندە دەکرێت.

ریچارد لوتز، سەرۆکی هێڵی ئاسنینی ئەڵمانیا، بە ئاندرێیاسس شێوەر، وەزیری گواستنەوەی ئەڵمانیای راگەیاندووە، کە کۆمپانیاکەیان  رۆژانە چەندین ملیۆن یۆرۆ زیانی پێدەگات و پێویستیان بە پشتگیری تر هەیە و راشیگەیاندووە: کە بۆ ئەمساڵ پێویستیان بە  نزیکەی 10 ملیارد یۆرۆ دەبێت. ئەو کۆمپانیانەی پشکیان هەیە لە دامەزراوەی شەمەندەفەری ئەڵمانیا تووشی شۆک بوون، بەو هەموو رێگری و رێنماییە نوێیانەی لەلایەن حکومەتەوە دەگیرێتە بەر بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. وەزارەتەکانی گواستنەوە و دارایی لە بیرکردنەوەی رێگەچارەیەکن بۆ هاوکاریکردنی دامەزراوەی شەمەندەفەر، گەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت زیانەکان لە هەژماردن نایەن و زۆر زیاتر دەبن.

چەند رۆژێک لەمەبەری هەمان گۆڤار نزیک لەو ژمارەیەی دامەزراوەی شەمەندەفەری بۆ کۆمپانیای فڕۆکەوانی لوفتهانزا بڵاوکردەوە، کە لە یەکەمین 3 مانگی سەری ساڵدا (چارەکی یەکەمی ساڵ) 1.2 ملیارد  یۆرۆ زەرەری کردووە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. 

لە ناوەندی کۆمپانیای فڕۆکەوانی لوفتهانزا لە فرانکفۆرتەوە، راگەیەندراوە بەهۆی بەردەوامی گرتنەبەری رێنماییە خۆپارێزییەکان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چاوەڕێدەکرێت لە دووەم  چارەکی ساڵدا زیانەکە زۆر زیاتر و لە هەڵکشاندابێت، بەهۆکاری نەزانین و دەستنیشان نەکردنی کاتێک بۆ دەستکردنەوە بە گەشتی فڕۆکەکان و کۆتایی هاتن بە کۆرۆنا و  ناتوانرێت پێشبینی زیانەکانیش رابگەیەندرێت.

کێشەیەکی تری کۆمپانیاکە لەم کاتەدا، ئەو گرێبەستانەن کە کراون بۆ بەرهەمی سوتەمەنی فڕۆکەکان و کاریگەری دابەزینی پیترۆل و مانەوەی گرێبەستەکان بەهەمان شێوەی پێشتر.

گۆڤارەکە نووسیویەتی: چاوەڕێدەکرێت لە نیوەی مانگی ئایاردا، لوفتهانزا وردەکاری ئەو زیانانە بڵاوبکاتەوە. کە تەنها لە مانگی مارتدا بە بڕی 1.4 ملیارد یۆرۆ لە فرۆشتنی تیکت زیانی پێکەوتووە، لە چارەکی یەکەمی ساڵدا داهاتی 6.4 ملیارد بووە، بەبەراورد بە ساڵی پێشتر 7.8 ملیارد یۆرۆ بووە.

ئێستا کۆمپانیای لوفتهانزا دوای داواکردنی چەندین قەرز، تەنها 4.4 ملیارد یۆرۆی لەبەردەست ماوە، کەلە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەو بڕەش بە شێوەیەکی زۆر کەمدەکاتەوە و تەواوی کۆمپانیاکە لە توانایاندا نابێت پێداویستیەکانی دابینبکات و سەرمایەی لوفتهانزاش بەهۆی قەرزی زۆرەوە دەکەوێتە مەترسیەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دێرشپیگل: لوفتهانزا لەکار و پەیوەندی و دانووسانی بەردەوامدایە لەگەڵ حکومەتی  ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیان هەیە وەک ئەڵمانیا، سویسرا، نەمسا و بەلجیکا، کە چەندین شێواز هەیە بۆ چارەسەی کاتی ئەو داڕمانە، وەک گەرەنتی هاوکارییەکی راستەوخۆی ئەو وڵاتانە وەک قەرز بدرێت، کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی لوفتهانزا لەوباوەڕەدان کە بتوانن سەرکەوتوانە ئەو قەیرانە گەورەیە تێپەڕێنن.