ئومێد خۆشناو: با سۆران عومه‌ر ئازا بێت و بچێته به‌رده‌م دادگا
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له په‌رله‌مانی كوردستان، ئومێد خۆشناو رایگه‌یاند، په‌رله‌مانتاران یاسا داده‌نێن و ئه‌و كه‌سه‌ی ئازایه له سۆشیال میدیا بێ ره‌چاوكردنی به‌رپرسیارێتی شت بڵاوده‌كاته‌وه، با ئازایی ئه‌وه‌شی هه‌بێت بچێته به‌رده‌م دادگا و به‌ڵگه‌كانی بخاته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر ناڕاست بوو، سزای خۆی وه‌رگرێت و ئه‌گه‌ریش تۆمه‌ته‌كانی سه‌لماند و به‌ڵگه‌ی هه‌بوو با ده‌ستخۆشی لێبكرێت.
بڕیاره كاتژمێر (12:00)ی رۆژی چوارشه‌ممه په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێك له‌وانه، هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار.
له‌و باره‌یه‌وه ئومێد خۆشناو گوتی: له دوو مانگی رابردوو به هۆی خۆپارێزی له كۆرۆنا دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان راگیرابوون، به‌ڵام چوارشه‌ممه په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه و ژماره‌یه‌ك پڕۆژه یاسا و بڕیار پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كرێن و خاڵی دووه‌می دانیشتنه‌كه، بانگهێشتكردنی وه‌زیرانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا ده‌كرێت بۆ تاوتوێكردنی پرسی خوێندنی ئه‌مساڵ.
بڕیاره پرسی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتاران، رۆژی پێنجشه‌ممه بخرێته‌ڕوو و به ده‌نگدانی په‌رله‌مانتاران ئه‌و پرسه یه‌كلا بكرێته‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه ئومێد خۆشناو گوتیشی: رۆژی پێنجشه‌میش كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر چه‌ند په‌رله‌مانتارێك ده‌درێت، كه له ماوه‌ی رابردوو سكاڵایان له دژ تۆمار كراوه بۆ ئه‌وه‌ی بچنه به‌رده‌م دادگا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌كانیان.
ئومێد خۆشناو له باره‌ی دۆسییه‌ی سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی گوتی: ته‌نیا سۆران عومه‌ر نییه، ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار داوای یاساییان له‌سه‌ر تۆمار كراوه و هه‌مووی ده‌خرێته ده‌نگدان بۆ ئه‌وه‌ی پارێزبه‌ندیان له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت و من خۆمیش داوایه‌كی یاساییم له‌سه‌ره و به ده‌نگی په‌رله‌مانتاران یه‌كلا ده‌كرێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: سه‌باره‌ت به سۆران عومه‌ر پێویسته بابه‌ته‌كه وا لێ نه‌كرێت، كه ته‌نیا په‌یوه‌سته به په‌رله‌مانتارێك. ئه‌و په‌رله‌مانتاره بابه‌تێكی ناڕاستی خستووه‌ته‌ڕوو و داواكاری گشتی هاتووه‌ته سه‌ر خه‌ت، سه‌رۆكی حكومه‌ت و وته‌بێژی حكومه‌ت داوایانكردووه به‌ڵگه‌كانی بخاته‌ڕوو، به‌و په‌ڕی شه‌فافیه‌ته‌وه، مامه‌ڵه كراوه و ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كه له پرسی چاكسازی.
روونیشیكرده‌وه، راسته په‌رله‌مانتار پارێزبه‌ندی هه‌یه، به‌ڵام سنوورێكیش هه‌یه، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارێك شتی ناڕاست بڵێت، ده‌بێت رووبه‌ڕووی یاسا بكرێته‌وه. هیوادارین كه‌س له یاسا نه‌ترسێت. به تایبه‌ت په‌رله‌مانتاران، چونكه خۆمان یاساكان داده‌نێین. ئه‌و بابه‌تانه‌ی خستوومانه‌ته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر راسته بۆ بترسین و با له دادگا یه‌كلا بكرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی ره‌خنه و مه‌ودای ئازادی كاری به‌دواداچوونی دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵیییه‌وه، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتی: سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی هه‌موو په‌رله‌مانتار و ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش ده‌كات، كه گه‌نده‌ڵییه‌كان به به‌ڵگه بخه‌نه‌ڕوو، به‌ڵام به‌لاڕێدابردنی بابه‌ته‌كان و ناڕاستی گوتن، ئه‌وا یاسا هه‌یه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات. هیوادارین دوای ئه‌وه‌ی پارێزبه‌ندییه‌كه هه‌ڵده‌گیرێت، سۆران عومه‌ر له‌به‌رده‌م یاسا ئاماده بێت و هه‌موومان له‌به‌رده‌م یاسا ملكه‌چین.
دووپاتیشیكرده‌وه، راسته په‌رله‌مانتار پارێزبه‌ندی هه‌یه، به‌ڵام پارێزبه‌ندی بۆ ئه‌وه نییه شه‌لم كوێرم چیت پێ خۆشه بیڵێی و كه‌س نه‌بێت لێت بپرسێته‌وه. ئه‌و یاسایه خۆمان دامانناوه.
له وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر به هه‌وڵدان بۆ كپكردنی ئازادی بیروڕا وه‌سفده‌كه‌ن، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئومێد خۆشناو گوتی: ئه‌و ده‌نگانه‌مان بیستووه، گوایه ئه‌و هه‌وڵه كپكردنی رای ئازاده. به پێچه‌وانه‌وه، خستنه‌ڕووی بابه‌ته‌كان له رێی دادگاوه ئه‌و په‌ڕی ئازادییه. ئه‌و كه‌سه‌ی ئازایه له میدیا و سۆشیال میدیا، بێ ره‌چاوكردنی به‌رپرسیارێتی بابه‌ت بخاته‌ڕوو، با ئازاش بێت بێته به‌رده‌م دادگا.
جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌كرێت كارێكی زۆر باشه و دادگا بۆ هه‌مووانه و په‌رله‌مانتاریش هاووڵاتییه‌كی ئاسایی وڵاته و ئه‌گه‌ر كارێكی نادرووست بكات، ده‌بێت له دادگا بیسه‌لمێنێت. ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كانیشی راست بێت، ده‌بێت سووپاسی بكرێت. ئێمه نابێت له دادگا بترسین. ئه‌و ده‌نگانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و هه‌وڵه بۆ كپكردنی په‌رله‌مانتارانه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه ئازاكردنی په‌رله‌مانتارانه له رووی پیشه‌ییه‌وه.