"قەیرانی دارایی عێراق زۆر مەترسیدارە"

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق باسی دۆخەكە دەكات

K24 - ھەولێر

هەیسەم جبووری، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، قەیرانی دارایی عێراق زۆر مەترسیدارە  و قەبارەی داهات نەگەیشتووە 20% کۆی قەبارەی بودجە، و ئاماژەی بەوەشدا رێوشوێن هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانە لە بابەتی مووچەدا.

هەیسەم جبووری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەی دارایی دوو پلانی هەیە، یەکەمیان بەپەلەیە و پشت بە وەرگرتنی قەرز لە بانکە ناوخۆییەکان دەبەستێت، لەگەڵ قەرزی دەرەکی کە پێویستی بە دەرکردنی یاسا هەیە.

هەروەها پلانی دووەمیش، پلانی درێژخایەنە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی درێژخایەن، کە لە رێگەی داهاتی گومرگی و باج زیادبێت، هەروەها پشتیوانی کردنی دۆسیەکانی کەرتی نەوت کە پێویستی بە دووبارە چاوخشاندنەوە هەیە.

هەروەها جبووری ئاماژەی بەوەدا، پاکێجی چاکسازییەکان لە 70 بڕگە پێکدێت و جەختی لەوە کردەوە کە پێشنیازەکان لەسەر بنامەی پڕۆژەیەکی نیشتمانی دەبن بۆ چاکسازی ئابووری.