شه‌پۆلێكی بارانی به‌خوڕ هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر دووپاتی كرده‌وه، ئاماده‌كارییان بۆ ئه‌گه‌ره‌كانی روودانی لافاو له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌پۆله بارانبارینه كردووه، كه له دوێنێوه رووی له هه‌رێمی كوردستان كردووه و رێكاری تایبه‌تیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گرتووه‌ته‌به‌ر.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24، سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش، ئه‌فسه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر دووپاتی كرده‌وه، له دوێنێوه له‌لایه‌ن كه‌شناسی هه‌رێمه‌وه ئاگاداركراونه‌ته‌وه، كه شه‌پۆلێكی بارانبارینی به‌خوڕ به‌ڕێوه‌یه و پێشبینی ده‌كرێت سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر بگرێته‌وه، بۆیه تیمه‌كانیان بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو خستووه‌ته ئاماده‌باشییه‌وه.
گوتیشی: به‌هۆی پێشبینییه‌كان بۆ ئه‌و شه‌پۆله بارانبارینه هه‌موو مۆڵه‌ته‌كانی سه‌رجه‌م ئه‌ندام و ئه‌فسه‌رانی به‌رگری شارستانی راگیراون، تا رۆژی پێنجشه‌ممه و كاتی كۆتایی هاتنی ئه‌و شه‌پۆله.
هه‌ر له رێگه‌ی كوردستان 24ـه‌وه ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه ئاگادار ده‌كاته‌وه، كه ساڵانه به‌هۆی بارانی به‌خوڕ و نزمی تۆپۆگرافیاكه‌یان ده‌كه‌ونه به‌ر لافاو، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری خۆیان بن و له ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ر حاڵه‌تێك لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ئاگادار بكه‌نه‌وه، له‌وانه‌ش گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه، شه‌قامی شه‌ست مه‌تری، گلكه‌ند، ته‌عجیل و عه‌ره‌ب كه‌ند.
داواش له دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه ده‌كات، له‌كاتی روودانی هه‌ر حاڵه‌تێك په‌یوه‌ندی به هێلی گه‌رمی "115" یا "125"ـه‌وه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی به‌هانایانه‌وه بچن.
H.B