نەخۆشییەكی گوازراوە یەخەی گوێزەكانی ھەورامان دەگرێت

چەندین دارگوێزی وشك كردووە
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

نەخۆشییەكی گوازراوە لەنێو دارگوێزەكانی ھەورامان بڵاوبووەتەوە، سەرەتا گەڵاكانیان دەوەرێنێت و دواتر دارەكان وشكدەكات. بە گوتەی باخەوانەكان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەھۆی نەخۆشییەكی گوازراوە ژمارەیەكی زۆری دارگوێز كە تەمەنیان بۆ نزیكەی دووسەد ساڵ دەگەڕێتەوە لەناوچوون، بەرپرسی ھۆبەی پاراستنی روەک لە کشتوکاڵی ھەڵەبجە دەڵێ، بەشێك لە باخەوانەكان رێنماییەكان جێبەجێ ناكەن ئەمەش وایكردووە دارەكان تووشی نەخۆشی ببن.

نەخۆشیەک لە رێگەی کێڵان و ئاودانەوە لە درەختێکی تووشبوەوە دەگوازرێتەوە بۆ درەختەكانی دیكە، ساڵانە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە لە رێگای تیمەکانیانەوە رێنمایی و دەرمانی پێویست دەدەنە باخەوانەکان، بۆئەوەی باخەکانیان پارێزراوبن لە ھەموجۆرە نەخوشیەك. بەرپرسی ھۆبەی پاراستنی روەک لە کشتوکاڵی ھەڵەبجە دەڵیت، بەھۆی جێبەجێ نەکردنی رێنماییەکانەوە لەلایەن باخەوانەکانەوە، نەخۆشیەكە تەشەنەی کردووە.

لە سنووری ھەورامان زیاد لە 90 ھەزار داری گوێزھەیە و باشترین جۆری گوێزن لە ناوچەكە، چەند ساڵێکە نەخۆشیەکی کە رووبەڕووی لە دار گوێزەکانی ھەورامان کردووە، ساڵانە زیاد لە 100 درەخت وشک دەبێت بەھۆی ئەم نەخۆشیەوە تائیستا ھیچ چارەسەرێکی گونجاو بۆ بنبڕكردنی نەخۆشییەكە نەدۆزراوەتەوە.