عێراق لە مەترسییەكانی دابەزینی نرخی نەوت ئاگادار دەكرێتەوە

"زیانی دابەزینی نرخی نەوت لە داعش و كۆرۆنا زیاترە"

K24 - ھەولێر

رۆژنامەی ئیندێپێندتی بەریتانی لەراپۆرتێكدا رایگەیاند، كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی نەوت زۆر لە زیانەكانی داعش و كۆرۆنا زیاترە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، دابەزینی نرخی نەوت بۆ عێراق زۆر مەترسیدارترە و زیانەکانی زۆر لە زیانەکانی داعش و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترە.

ھەروەھا داکەوتنی نرخی نەوت هەڕەشەیەكی جدیە لەسەر عێراق و کاریگەرییەکانی بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زۆر زیاترە.

رۆژنامە بەریتانییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە ،  وەک دوو هەڕەشەی سەرەکی، عێراق تیشکی خستووەتە سەر رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش و ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام هەڕەشەی جدی داکەوتنی نرخی نەوتە چونکە عێراق به‌ پله‌ی یه‌ك پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە.

ئەوەشیخستووەتەروو ،  عێراقییەکان په‌رته‌وازه‌ بوون و لە بەدبەختیشیان وڵاته‌كه‌یان بووەتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.