سعوودییە: قەیرانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە مێژووی نوێدا بێ هاوتایە

بڕی ئەو پارەیە ئاشکرا دەکات لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ کردوویەتی

K24 – هه‌ولێر:

کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی بڵاویکردەوە، بە رێژەی 25% داهاتیان لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ کەمی کردووە.

لە راگەیەندراوێک، ئارامکۆ ئاماژەی بەوەکردووە، بە بەروارد بە چارەگی یەکەمی ساڵی پار، بڕی 16 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار زیانیان کردووە.

ئەمین ناسر، سەرۆکی کۆمپانیای ئارامکۆ دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو هیچ شتێکی مێژووی نوێ نییە کە ئێمە ئەزموونمان کردبێت، ئێستا دەمانەوێت لە رێگای بازرگانییەکی زۆر ئاڵۆز و گۆڕاو کارەکانمان بگونجێنین.

بەهۆی جەنگی ئابووری نێوان رووسیا و سعوودییە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی خواست، نرخی نەوت بۆ خوار 20 دۆلار لە مانگی رابردوو دابەزیی، ئەمەش زیانی زۆری لەو وڵاتانە داوە کە پشتیان بە نەوت بەستووە، ئەمڕۆش نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 29 دۆلارە.

 AFP