ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێی رێککەوتنی عێراق و چین دەکات

"رێککەوتنی عێراق و چین لە پلانی کابینەی نوێدا باس نەکراوە"

K24 - ھەولێر

لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای تەواو بوونی کابینەکەی مستەفا کازمی و دەنگدان بە سەرجەم وەزیرەکان، دەست بە تاوتوێکردنی دۆسیەی رێککەوتنی عێراق و چین دەکەن.

نەدا شاکر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، لە بەرنامەی کابینەی نوێدا چەندین بابەتی ئابووری گرنگ پەراوێز خراوە، لە کاتێکدا بە دۆخێکی ئابووری سەختدا تێدەپەڕین.

گوتیشی "لە بەرنامەی کابینەی نوێدا بە هیچ شێوەیەک باس لە رێککەوتن لەگەڵ چین نەکراوە و لیژنەکەیان جارێکی دیکە دۆسیەی ئەو رێککەوتنە هەڵدەداتەوە دوای متمانەدان بە سەرجەم وەزیرەکان".

نەدا شاکر ئاماژەی بەوەشدا، لیژنەکەیان بانگێشتی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە رێککەوتنە لە وەزارەتی دارایی وەزارەت و فەرمانگەکانی دیکە دەکات، بۆ ئەوەی دۆسیەکە بکرێتەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەندەکانی دەخرێنەوە بەرباس.