عێراق شانەی کارگێڕی بۆ دۆخی ئابووری و دارایی پێکدەهێنێت

كازمی سەرۆكی شانەكە دەبێت

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا شانەیەکی کارگێڕی بۆ دۆخی ئابووری و دارایی بەهۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێکبهێنێت، لە کاتێکدا دەرهاویشتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخی دارایی عێراقی سەختتر کردووە، کاری سەرەکی شانەکە چاکسازی دارایی و باشترکردنی ئاستی دامەزراوە داراییەکان دەبێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە پێگەی فەرمی تویتەر بڵاویکردەوە، شانەکە لە ژێر سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت، هەروەها لە ئەگەری ئامادەنەبوونی سەرۆک وەزیران، وەزیری دارایی دەسەڵاتی تەواوی پێدەدرێت کە سەرۆکایەتی شانەکە بکات.

هەروەها سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، شانەیەکی بەپەلە پێکدەهێنن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی چاکسازی دارایی وڵات بکات.