مۆسكۆ: ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت داوای درێژكردنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران بكات
K24 – هه‌ولێر:
نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی رووسیا له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، "ڤاسیلی نیبینزیا" رایگه‌یاند، هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی چه‌كفرۆشتن به ئێران، ته‌قه‌دانه له ده‌رگای داخراو.
نوێنه‌ره‌كه‌ی رووسیا، له رێی ڤیدیۆكۆنفرانسه‌وه به رۆژنامه‌نووسانی گوت: "ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت داوا بكات، سزاكانی سه‌ر ئێران درێژ بكرێنه‌وه، چونكه چیدیكه ئه‌مه‌ریكا به‌شێك نییه له رێككه‌وتنی ناووكی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك، به‌و پێیه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنه‌كه كشاوه‌ته‌وه".
گوتیشی: "هیچ هۆكارێكی ئه‌وتۆ نه‌ماوه تا مانه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر فرۆشتنی چه‌ك به ئێران درێژ بكرێته‌وه. ئه‌و كۆتوبه‌نده‌ی له‌سه‌ر ئێران دانرابوو، له (18ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020) كۆتایی دێت و خاڵ داده‌نرێت. ئیدی ئه‌وه زۆر روونه".
"ڤاسیلی نیبینزیا" گوتیشی: "ئه‌مه‌ریكا له (8ی ئایار/ مایۆی 2018) به شانازییه‌وه رایگه‌یاند، له رێككه‌وتنه‌كه پاشه‌كشێ ده‌كات و له دوای خۆی ئیدی ده‌رگایه‌كی داخراوی به‌جێهێشت. ئێستاش ده‌یه‌وێت له‌و ده‌رگا داخراوه بدات و بڵێت، بوه‌ستن بیرمان چوو شتێك له‌و رێككه‌وتنه ماوه بیكه‌ین، ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه و ئه‌و كاره‌ش بكه‌ین ئینجا لێی ده‌رچین.. به‌ڵام ئه‌وه جێی پێكه‌نینه".
رووسیا، چین، ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌مه‌ریكا، له ته‌مموزی 2015دا رێككه‌وتنی ناووكیان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران واژوو كرد.
له (2018)دا ئه‌مه‌ریكا یه‌كلایه‌نه له رێككه‌وتنه‌كه پاشه‌كشێی كرد، به‌ڵام وڵاته‌كانی دیكه پابه‌ندبوونی خۆیان به رێككه‌وتنه‌كه دووپاتكرده‌وه.
دوای ده‌رچوونی له رێككه‌وتنه‌كه، مانگی رابردوو، "مایك پۆمپیۆ" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا باسی له‌وه ده‌كرد، كه ئه‌وان هێشتا مافیان ماوه به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌وه و گوتی: "هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شداربوون له رێككه‌وتنه‌كه، به گوێره‌ی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی مافیان به‌سه‌ریه‌وه هه‌یه".
گوتیشی: "هه‌ر لایه‌نێكی به‌شداربوو له كارنامه‌ی گشتگیری هاوبه‌شی رێككه‌وتنه‌كه، بۆی هه‌یه داوای درێژكردنه‌وه‌ی سزاكانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی چه‌ك بۆ ئێران بكات".