چاكسازی خواستی خەڵکە و جێبەجێ دەکرێت

Kurd24

دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنی ژمارە(15) پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی ومووچە و دەرماڵە و بەخشین وئیمتیازاتەكانی دیكەی پەسندكرد، ئێستا حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاساکەی دەستپێكردووە.

بەمەش یەكێک له‌ بەشە گرنگەکانی ھێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، كە ھەنگاوێكی ھەرە گرنگی چاكسازییە لە ھەر دوو بواری كارگێری وداراییدا.

بەدڵنیایەوە ھەنگاوی تریشی بەدوادادێت بۆ چاكسازی كە مەبەست لێیان تەنھا بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان وھێنانەدی دادپەروەرییە. ھەرچەندە پرسی چاكسازی دیارترین دروشمی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی لایەنەكان بوو، كە بەڵێنی بەدێھێنانی دادپەروەری و نەھێشتنی گەندەڵی وچاكسازیان دەدا، بەڵام وەك تێبینی دەكرێت، ھەوڵی دروستكردنی ئاستەنگ و دژایەتیكردنی یاسایەكە دەدرێت، كە ئەمەش بڕیارێكی مەترسیدارە و خۆكوژی سیاسیە.

ھەرچەندە ئیرادەی چاكسازیخوازن زۆر بەھێزە و ھەردەبێ جێبەجێبكرێت، كە پێویستە بۆسەرخستنی ھەرھەموومان پشتیوانی لێبكەین و تێكەڵی ناكۆكییە سیاسییەکان نەكرێت، چونكە لەبنەڕەتدا یاساكە ھی ھەموو لایەنەكانی بەشدارە لەكابینەی نۆیەم. بە ئەنجامدانی چاکسازیش جگە لەوەی كارەكان زیاتر شەفاف دەبن و دادپەروەریی دێتەدی. لە هەمانکاتدا رێگریش دەكرێت لەوەی چیتر لەژێر ھەرناو و بیانوویەك بێت سامانی گشتی بەھەدەربدرێت یان بەمیزاج و بە نایاسایی پلەبەرزبكرێتەوە، یا خەڵک خانەنشین بكرێن. بەگشتی خەڵكی شایستە مافەكانیان پارێزراو دەبێت.

ھەرچەندە ئەم یاسایە تەواوی چاكسازی نیە لەھەرێمی كوردستان، بەڵكو بەشێكی ھەرە گرنگە بۆ چاكسازی كەھەنگاوی تری بەدواداێت لەسێكتەرەكانی تردا و لەماوەی چەند مانگی رابردووشدا ھەنگاوی باش و گرنگ بەو ئاراستەیە نراون. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزدار مەسرور بارزانی لە گوتارەكەی دا لە ھەفتەی رابردوو بە ئاشکرا ئاماژەی بەوەدا کە چاکسازی داواکاریی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە و بەڕێزیشیان لە سەنگەری ھاووڵاتیاندا دەمێنێتەوە و لە چاکسازیش پاشگەز نابێتەوە.

 ھەرچەندە راستە خەڵكانێك زیانیان پێدەگات لە چاكسازی، بۆیە ئاستەنگ و تەگەرەی بۆ دروست دەکەن، بەڵام ھەروەك سەرۆكی حكوومەت راگەیاند گرنگە لە بەرەی هاووڵاتییان دابین و ئەم خواستەیان جێبەجێبكرێت. چۆن ئەركی پەرلەمانی كوردستانە چاودێری چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاساكە بكات، حكوومەتیش دەبێت بەپێی یاساكە ھەرسێ مانگ جارێك راپۆرتی خۆی ئاراستەی پەرلەمان بكات. مافی ھاووڵاتیانیشە بەدواداچوون بۆجێبەجێكردنی یاساكە بكەن و لەڕاستی ھەموو بابەتەكان ئاگاداربن و چیتر خەڵکانێک بۆ مەبەستێکی سیاسی خەڵک چەواشە نەکەن.

*ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان.