سەرۆک وەزیران: چاکسازیی و ئاڵنگارییەکان

Kurd24

ساڵی یەکەمی حوکمڕانی لە کوردستان لە چوارچێوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی، و نزیکەی 28 ساڵ حوکمڕانی لە رێگای شەرعیەتی یاسایی و دامەزراوە هەڵبژێردراو و متمانەپێدراوەکانی کوردستان، دەستکەوت و کەموکوڕیشی تێدابووە. دەستکەوتەکانی جێگای شانازین، لە سەر و هەمووشیانەوە چەسپاندن و پاراستنی قەوارەی فیدراڵی کوردستان، کە زۆرکات لەبەردەم هەڕەشەی زۆر مەترسیدار بووە، بەڵام ئەو  29 ساڵەش بێ کەموکوڕی نەبووە، دۆخی ناوخۆیی و دەرەکی هۆکاربوون.

کابینەی نۆیەم میلادێکی نوێ نەبوو لە حوکمڕانی کوردستان، بەڵام میلادێکی نوێ بوو لەوەی چیدیکە کێشەکان نابێت دوابخرێن، بەڵکو دەبێت چارەسەر بکرێن ئەمەش پێدراوە نوێیەکان پێمان دەڵێت، گرنگی و سەرکەوتویی کەسی حوکمڕان  لەوەدایە خۆی نەبوێرێت لەهەڵە و کەم وکوڕییەکان و گەندەڵیی و بەهەدەردان، و لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە بژاردەیەک بخاتەڕوو بۆ چارەسەریان.

 لەهەر کەسێک بپرسێت خواستت چییە لە حوکمڕانی؟  راستەوخۆ وەڵامەکانی بەم چەمکانە دەردەبڕێت: دەسەڵاتێکی دادپەروەر ـ دەسەڵاتێکی شەفاف ـ دەسەڵاتێکی دژە گەندەڵ ـ هەموو ئەو چەمکانە هی هەموومانە، بەڵام مامەڵەمان لەگەڵی جیاوازە: هاووڵاتیان بە راستگۆیی باس لەو چەمکانە دەکەن و خواستیانە.

بەشێک لە سیاسییەکان دروشمیانە، لە بنەڕەتیش دا خۆیان بەزەرمەندی یەکەم دەزانن کاتێک حوکمڕانی شەفاف بێت و دادپەروەر بێت و دژی گەندەڵی و بەهەدەردان بێت. لێرەوە ئیشکالیەتەکە سەر هەڵدەدات ئەو ژمارەیە لە سیاسییەکان کە تووشی گرفت دەبن بە دەسەڵاتێکی شەفاف و دادپەروەرد خۆیان دەکەن بە فریادرەسی هاووڵاتیان، کە لە بنەرەتدا ئەوە هاووڵاتیە راستگۆیە و حوکمڕانیەکی دەوێت دادپەروەربێت.

وتارەکەی سەرۆک وەزیران:

لەرێککەوتی10ـی 7ـی 2019 کاتێک لەپەرلەمانی کوردستان ئەم کابینەیە متمانەی وەرگرت بەڕێز سەرۆک وەزیران لە دیباجەی کارنامەی کابینەکە ئاماژەی دا بە:

(ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنە سیاسییەکان و پوختەی بەرنامەی گشت لایەنە بەشداربووەکانی ناو کابینەی نۆیەم رێکخراوە و بۆچوون و پلانی تێکڕای بەشداربووانی ئەم کابینەیە لە خۆ دەگرێت. جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیەش بەرپرسیاریەتیەکی هاوبەشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی ناو ئەم کابینەیە دەبێت)(1)

پاشان راستەوخۆ تەوەری یەکەمی کارنامەکە چاکسازیی بوو. مەبەستمە ئاماژە بەوە بدەم ئەو کارنامه‌یە و ئەنجامدانی چاکسازیی شەرعیەتی  سیاسی لە رێککەوتنی لایەنە سیاسیییە بەشداربووەکانی کابینە وەرگرت و مەشروعیەتی یاسایشی لە پێدانی متمانەی پەرلەمانی کوردستان وەرگرت. 

کاتێک بەڕێز مەسرور بارزانی نوێترین وتاری پێشکەش کرد خاڵی گرنگی باسکرد، کاردانەوەکان زۆر بوون، ئەمەش دۆخێکی چاوەڕوانکراوە  چونکە لە مێژووی حوکمڕانی کوردستاندا لە لوتکەی دەسەڵات دەگمەن باس لەو بابەتانە کراوە.

لە 29 ساڵی رابردوو گرفت و کەموکوڕیمان هەبووە، بەڵام پێویستە چارەسەری بکەین چونکە بەرپرسیارێتمان لەسەر شانە، ئەمە بەمانای نادیدەکردنی ئەزموونی حوکمڕانی نایەت بەئەندازەی ئەوەی هەوڵە بۆ چاکسازیی لەبواری وەزیفەی گشتی، بواری رێکخستنی داهات، رێکخستنەوەی بنەماکانی حوکمڕانی لەبەرامبەر پێدراوە نوێیەکان، بەدیهێنانی شەفافیەت، ئاشکراکردنی داهات. ئەم راشکاویەی سەرۆک وەزیران رەنگە خوێندنەوەی واقعی بۆنەکرابێت، ئەزموونی 28 ساڵی دامەزراوەکانی ئێمە لە حوکمڕانی گرفت کەسەکان نەبووە، بەڵکو  ژینگەیەکی سیاسی ناتەندروست بووە ، پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە دەسەڵات بوبێتن یان لە ئۆپۆزیسیۆن هەمیشە فشاریان لە حکومەت کردووە و حکومەتیان خستووه‌تە جوغزێکی تەسکەوە بۆ ئەوەی داواکاریەکانیان جێبەجێ بکات، ئەمە بەرهەمی کارلێککردنی هاوکێشە سیاسیەکان بووە لە کوردستان، بەڵام ئەم زەمان و مەکانە  وادەخوازێت چارەسەربکرێن .

بابەتێکی دیکە گرنگە ئاماژەی پێبدرێت ئەو کاردانەوە یە بوو کە لەسەر وتنی راستیەک هەندێک زۆرترین قسەیان هەبوو لە بارەیەوە وەک ئەوەی خەڵکی کوردستان پێویستیان بەو چوارچێوە تیۆرییە ئابوورییە بێت، دەهاتن چەمکەکانی قەرز و ئیلتزام و.. هتد یان بۆ خەڵک لێکدەدایەوە.

بەڕێز مەسرور بارزانی، کە وتی 27 ملیارد دۆلار قەرزارین بەوپەڕی بوێرییەوە باسی کرد، ئەوە یەکەمین باسکردنیشی نەبوو  لە وتارەکەیدا لەپارلەمانی کوردستان لە 10 ی 7ی 2019 بەم دەقە ئاماژەیدا: "بەڕێزان حکومەتێکمان وەرگرتوە کە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە کەڵەکەبووی رەوشی نالەباری دارایی دۆخێکی نەخوازراوە دەبێت هاووڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بزانن کە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەک کەمووچەو مافی هاووڵاتیانی هەرێم بووە".(2).

تۆ لە دراوسێیەکت پارە وەربگریت، یان بچی پارەی نەختیینەی بانکە ناحکومییەکان رابکێشیت  یان پارەی کۆمپانیای نەوتت لەسەر ماڵ بێت و نەتدابێت یان بەڵێندەر پڕۆژەی بۆ درووستکردبێت  و پارەی خۆیی وەرنەگرتبێت یان موچەی فەرمانبەرانت پاشەکەوت کردبێت، بەتەواوی  هەموو ئەمانە دەزانین هۆکارەکەی نەناردنی بودجەی کوردستان بووە لە لایەن حکومەتی فیدراڵه‌وە، ئیدی ئەم فەلسەفە بەخشینەوەی بۆچیە؟ کەواتە تۆ قەرز بێت یان ئیلتزام یان هەر ناوێکی دیکەت حەز لێیە  لێیبنێ کەی ئەوە گرفتە؟ کەواتە تۆ پارەیەکت لەسەرە وەک حکومەت، کەی؟ چۆن؟ بەچی؟ ئەوانە وردەکاریین، بەڵام وێنەکە روونە کە تۆ پارەیەکت بەسەرەوە ماڵە، حکومەتیش بەشەفافی هەموو ئەو داتایانە بۆ پەرلەمان و رایگشتیش دەخاتەڕوو.

ئەمە میلادێکی نوێ نییە لە حوکمڕانی، بەڵکو ئەو ستاییلەیە لەحوکمڕانی کە وتنی هەموو راستی و واقعەکانە بە هاووڵاتیان، رەنگە هەندێک جاریش بوترێت کە خەڵکی ئێمە لەگەڵ ئەم شێوازە، ئەوپەڕی سەراحەت، رانەهاتوون، بەڵام ئەمە دەرگا کردنەوە بوو بۆ ئایندەش کە نابێت لەمەودوا هیچ لە خەڵک شاراوەبێت.

کۆی گشتی ئەم راستگۆییە لەگەڵ خەڵک و بەگوێدادانی بانگی چاکسازیی بێ گرفت و کاردانەوە نابێت. هەندێک دەیانەوێ بڵێن ئەم حکومەتە قەرزار نیە و بە ئەنقەست موچەی خەڵک نادات، ئەگەر وایە کوا ئەو پارەیە لە کوێیە؟ بفەرموون بەکردەوە دەستی بخەنە سەر با هەمومان حکومەت ناچار بکەین بیدات. هەندێکی دیکە دەزانن و گەیشتونەتە یەقین کە کوردستان بەو جۆرە بەڕێوەناچێت و ئەو سەرۆک وەزیرانە ئەگەر هەرچی کردبێت هەر چاکسازیی دەکات چونکە دەبێت و لەسەریەتی بژێوی خەڵکەکەی  دابین بکات، ئینجا لەمە حزبەکەی زەرەر دەکات یان حزبی دیکە، دەبێت هەر ئەنجامی بدات چونکە کۆی گشتی خەڵک ژیانێکی باشتری دەبێت و کوردستانیش دەپارێزێت، ئەمەش بێ کاردانەوە نابێت بەڵام  ئیدی ناتوانرێت دۆخی باو بەردەوام بێت، وەک ئاگاداریشم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک چۆن لەسەرەتای کابینەی نۆیەمەوە پاڵپشتیکاری هەنگاوەکانی حکومەت بووە، بۆ ئەنجامدانی چاکسازیش بەرگریکار و پشتیوانی حکومەتە. کوردستانیش رێگای دیکەی لەبەردەم نیە جگە لە چاکسازیی گشتی لە کۆی سێکتەرەکانی حکومی و بەدیهێنانی دادپەروەری.

هەموو ئەو بنەمایانەی نووسین بوو، لەسەری رێککەوتبووین، ئێستا پێدراوە نوێیەکان دەڵێن کاتی بەکردەییکردنیەتی. بۆیە سەرۆک وەزیران وتی من لەبەرەی خەڵک دەمێنمەوە، ئەم ڕستەیە رەنگە هاوڵاتیان بەسادەیی وەری بگرن، بەڵام ئەوانەی بەرژوەندیان دەکەوێتە مەترسییەوە زۆر بە قوڵی تێی دەگەن. بۆیە بەرپرسیارێتی هەموومانە کە هاوبەشین ئێمەش لەبەرەی خەڵک بمێنینەوە.

 

سەرچاوەکان:

1- هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

https://gov.krd/government/agenda/

2- دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان . پەرلەمانی کوردستان . 10 ی 7 ی 2020

 وتارەکە بەنوسراو

:https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2019/july/%D8%AF%DB%95%D9%82%DB%8C-%D9%88%D8%AA%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D9%85%DB%95%D8%B3%D8%B1%D9%88%D8%B1-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%B2%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%D9%83%DB%8C-%D8%AD%D9%83%D9%88%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%DA%BE%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%D9%83%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/

وتارەکە بە ڤیدیۆ:

لەچەناڵی یوتیوبی پەرلەمانی کوردستان لە پاش 1:13:59 چرکەوە دەتوانن بینەربن:

https://www.youtube.com/watch?v=iykew4U8A7I

*وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان