چیرۆکی ئەو کوڕەی لە قەڵادزێ "دەستگیرانەکەی بەبەرد کوشتی"

K24 - قەڵادزێ

لە چیرۆکێکی دەگمەندا لە کوردستان، گەنجێکی دەڤەری پشدەر "لەلایەن کچێکەوە بە بەرد دەکوژرێت کە دەستگیرانی خۆیەتی" و، بڕیاربووە دوای هەفتەیەک هاوسەرگیری بکەن.

رابەر حەمەدئەمین دوو مانگ لەمەوبەر لەگەڵ کچێکی هاوشاری خۆی ئەڵقەی دەستگیرانیی گۆڕییەوە. ئێستا باوکی بە دەستێکی لەرزۆک، سەیری وێنەکانی دوو مانگ لەمەوبەری ئاهەنگی مارەبڕینی کوڕەکەی دەکات و دەڵێ: "ئێمە، ئەگەر هەستمان بە شتێک بکردایە، کە ئەو کچە پەشیمان بووەتەوە، نەماندەهێشت بگاتە ئەو رادەیە".

بڕیار بوو رابەر و دەستگیرانەکەی پاش هەفتەیەکی دیکە، ئاهەنگی هاوسەرگیری بکەن، بەڵام تەرمی رابەر دوای هەفتەیەک لە بێسەروشوێنبوونی، بە کوژراوی لە رووبارێکی سنووری قەزای پشدەر دۆزرایەوە.

پۆلیس دەڵێ دەستگیرانەکەی رابەر دانی بەوەدا ناوە "ئەو رابەری کوشتووە".

چیرۆکەکە بۆ خێزانی رابەر مایەی سەرسوڕمانە، چونکە ئەوان دەڵێن کوڕەکەیان و دەستگیرانەکەی بەڕەزامەندیی خۆیان بوونەتە دەستگیران و هیچ گرفتێکیان نەبووە، بەڵام ئەو رۆژەی چوون بۆ دادگا بۆ تەواوکردنی مامەڵەی هاوسەرگیری، ئیدی رابەر رۆیشت و نەگەڕایەوە.

لەسەر کوشتنی رابەر، پۆلیس دوو کەسی دەستگیرکردووە، یەکێکیان دەستگیرانی رابەر خۆیەتی، لە داپێدانانەکانیدا بۆ پۆلیس، دەستگیرانەکەی گوتوویەتی بەتەنها خۆی رابەری کوشتووە، بەڵام پۆلیس دۆسیەکەی بەکراوەیی هێشتووەتەوە، چونکە گومانی هەیه کچێکی تەمەن 18 ساڵ بەتەنها ئەو کارەی کردبێت.

حەمەدئەمین ئیبراهیم، باوکی گەنجە کوژراوەکە هەروەها دەڵێ "ئەوان بە رەزامەندیی خۆیان و بنەماڵەکەی ئێمە و ئەوانیش بوونە دەستگیرانی یەکدی، هیچ کێشەیەکیان نەبوو و ماڵێکمان بۆ دانابوون، کە زۆر لە ماڵەکەی ئێمە خۆشتر بوو".

دوای شەش رۆژ لە ونبوونی، تەرمی رابەر لە رووبارێکی گوندی شۆران لە قەڵادزێ دۆزرایەوە، پۆلیس دەڵێ لەدوای لێکۆڵینەوەکان، دوو کەسیان دەستگیرکردووە و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بە بڕیاری دادوەر راگیراون، کە یەکێکیان دەستگیرانەکەیەتی و لەبەردەم دادوەر گوتوویەتی "من بە بەرد کوشتوومە".

رووداوەکە رۆژی چوون بۆ دادگا روویداوە. بەگوتەی دەستگیرانی رابەر بۆ پۆلیس، کاتێک مامەڵەی دادگایان تەواوکردووە، پیاسەیەکی دەرەوەی شاریان کرووە، لەوێ دەرفەتی لێ هێناوە و کوشتوویەتی.

 

هـ.ر.