كامێراكانی چاودێری لە سلێمانی دەكەونەوەكار

شەش ساڵە كارناكەن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دوای شەش ساڵ وەستانی كامێراكانی چاودێری جێگیر لە شەقامەكانی سلێمانی، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بخرێنەوەكار.

عەمید فەریدون عومەر، بەڕێوەبەری گشتی ھاتووچۆی سلێمانی لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباش بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەسەرەتای ئەمساڵەوە ھەوڵمدا ئەو كامێرانە بخەینەوەكار، كە ژمارەیان 21 كامێرایە، بۆ ئەوەی شۆفێران پابەندی رێنماییەكان ببن و خێرایی كەمبكەنەوە، بەڵام بەھۆی وەستانی دەوام خستنەوەكاری ئەم كامێرانە دواكەوتووە".

لەبارەی ئەوەی بۆچی دوای شەش ساڵ ئەو كامێرانە ئێستا دەكەونەوەكار گوتی: "لەسەرەتادا پڕۆژەكە كەموكوڕی تێدابوو، زۆرجار لە ھەرێمی كوردستان پڕۆژەكان لەكاتی خۆی جێبەجێ ناكرێن، جگە لەوە پڕۆژەی دانانی تابلۆمان ھەبووە لە ساڵی 2014 ئێستا دەستپێدەكات".

بەڕێوەبەری ھاتووچۆی سلێمانی ئاشكرای كرد: "پڕۆژەكە وایە كە دەبێ كامێراكان بە سێرڤەری بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی ببەسترێنەوە، بەڵام پێشتر ئەوە نەكرابوو، بۆیە پڕۆژەكە دواكەوت، دواتریش قەیرانی دارایی ھات و ھەموو پڕۆژەكان وەستان".

ئاماژەی بەوەشكرد: "پڕۆژەكە لە بنەڕەتدا دانانی 21 كامێرا بوو، دوای ئەوەی كە دواخرا پێشنیاركرا كە پڕۆژەكە فراوان بكرێت و بۆ 150 كامێرا، بەڵام ئێستا ئەو بڕیارە راگیراوە، بۆیە پێویستە ئەگەر بە سیستمی كۆنیش بێت 21 كامێراكە بخرێنەكار".

روونیكردەوە: "ئێستا ئەو 21 كامێرا لەسەر شەقامە گشتییەكان جێگیر كراون، ئومێد دەكەین لە ئایندەیەكی نزیك بكەونەوەكار".

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، بڕی 2 ملیار و 850 ملیۆن دینار، لەلایەن بەشی پەرەپێدانی ھاتووچۆی سلێمانی بۆ پڕۆژەی دانانی كامێرا خەرج کراوە، لە ساڵی 2014 چەند لیژنەیەک لەلایەن پارێزگاری سلێمانی پێکھێنرابوو بۆ دەرخستنی ھۆکارەکارەکانی  کارپێنەکردنی  ئەو کامێرا جێگیرانە.