رووسیا ئه‌م ره‌خنه‌یه له ئه‌مه‌ریكا ده‌گرێت
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا، رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا مافی ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستداوه تێبینی له‌سه‌ر ره‌وشی مافی مرۆڤ له وڵاتانی دیكه هه‌بێت، به تایبه‌ت له دوای مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆله ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانانه‌ی ئه‌مه‌ریكای گرتووه‌ته‌وه.
زاخارۆڤا، له لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی "روسیا 1" گوتی: "له كۆتایی مانگی ئایار و سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه، ئه‌مه‌ریكا چیدیكه ئه‌و مافه‌ی نییه تێبینی له‌سه‌ر ره‌وشی مافی مرۆڤ له وڵاتانی جیهان هه‌بێت".
به هۆی كوشتنی هاووڵاتییه‌كی ره‌شپێستی ئه‌مه‌ریكایی له لایه‌ن پۆلیسه‌وه و بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی رووداوه‌كه، كه پۆلیسێكی ئه‌مه‌ریكی ئه‌ژنۆی ناوه‌ته سه‌ر ملی هاووڵاتییه ره‌شپێسته‌كه و له ژێر ئه‌ژنۆیدا گیانله‌ده‌ستده‌دات، له چه‌ندین گه‌وره شار و ویلایه‌تی ئه‌مه‌ریكا خۆپیشاندان دژی مامه‌ڵه‌ی پۆلیس و جیاكاری ره‌گه‌زی دژی ره‌شپێسته‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.