لە نێوان بێ متمانەیی و خۆشباوەڕیدا

Kurd24

باوەڕ، یەکێکە لەو چەمکانەی کە مشتومڕێکی زۆری لەسەرە و قسەوباسی زۆر هەڵدەگرێ، کە گوێمان لە دەستەواژەی (باوەڕكردن) دەبێت، دەستبەجێ سایکۆلۆژیامان خۆنەویستانە پەل دەهاوێت بۆ بوون و نەبوون (باوەڕمان یان  هەیە یان نییە؟!).

مەبەستی من لێرەدا ئەو باوەڕە نییە کە ئیمانداران و دینداران دەبەستێتەوە بە ئایین و ئاینزا و خودا و پەیامهێنەكان و كتێبە پیرۆزەكان، بەڵكوو مەبەستم لەو بڕوابوونەیە کە داکۆکیکردنی مرۆڤە لەو ئایدلۆژیایەی کە باوەڕی پێی هەیە، زۆربەمان باوەڕمان بە ئایدۆلۆژیایەك هەیە، جا نەتەوەیی بین، یان كۆمۆنیست بین، یان ئیسلامیی سیاسی، یان عەلمانی، زۆربەشمان، لەنێو ئەم باوەڕەدا پێوەستین بە باوەڕبوون بە حزبێك، یان رێكخراوێكەوە و تا پێمان بكرێ هەوڵی سەرخستنی دەدەین.

تاك لەم بەینەدا، لەگەڵ چەمكی باوەڕبوون یان باوەڕكردندا دەكەوێتە نێو ئەشكالیەتێكەوە، گەلێ جار بڕوا بە راستی ناكات و بڕوا بە درۆ دەكات، هەندێ جار خۆشباوەڕە، گەلێ جار بێ متمانەیە و باوەڕ ناكات، جاری واش هەیە خۆی پێشوەختە باوەڕی بە رووداوێك هەیە و ئیدی گوێ بەوە نادات راستە یان ناڕاست، خۆشی بە خوێندنەوەی هەموو دیوەكانی رووداوەكە و رای هەموو تەرەفەكانی رووداوەكە سەرقاڵ ناكات، ناشیەوێ بڕوا بە شرۆڤەیەكی پێچەوانەی بۆچوونەكەی ئەو بكات. ئەم جۆرە مرۆڤانە لە هەموو كەس زیاتر و ئاسانتر لەخشتە دەبرێن.  

کەواتە (باوەڕ) لە دونیای تیۆری و پراكتیكیدا، مرۆڤ بە ویستی خۆی دەسووڕێنێتەوە، یەکەم بەرکەوتنمان لەگەڵ کەسی بەرامبەر کە بە قۆناغی یەکەم ناوی ئەهێنم بۆ ناساندنە، ئەویش لە باوەڕپێبوونەوە دێت. مامەڵەی بەردەوامیش دەری دەخات ئاخۆ ئەو باوەڕبوونە لەجێی خۆیدا بوو یان نا! بێگومان مرۆڤی هۆشیار لەم لێكدانەوانەدا بڕیاری دروستتر دەدات، ئەمەش قۆناغی دووەمی باوەڕبوونە.

بۆ بەیەک گەیشتنی باوەڕداری و پەیڕەوی، هەندێک فاکتەری گرنگ هەن کە وا دەکەن ئەم پرۆسەیە بەیەک گەیشتنی تیۆری و پراکتیز، ببێتە ژیانی واقیعی.

لە گرنگترین ئامرازەکان کە پەیوەستن بە چەمکی باوەڕداری و پەیڕەوکاری، ئامرازی بیستن و بینینە کە دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ برەودان بە کارێک کە مرۆڤ باوەڕی پێی هەیە یان دەبێتە هۆکارێکی باش بۆ فەرامۆشکردن و خامۆشکردنی شتێک کە لەگەڵ بڕوای باوەڕدارەکەدا یەک ناگرێتەوە، تەرازووی سایکۆلۆژیەتی مرۆڤیش لەخۆڕا ئەم کێشانەیە یان پێوانەیە ناکات، بۆیە بڕوادارە ڕەسەنەکان پەنا دەبەنە بەر ژیرمەندی و لۆژیکیی خۆیان تاکوو کێشانە و پێوانەی بینین و بیستنی خۆیانی پێ بکەن.

پەنگاڤی ژیرمەندی و لۆژیکی مرۆڤە باوەڕدارەکان کاتێک تەندروست دەبێت جێ پێی خۆی دەگرێت لەناو فەزای ئەنالایزکردن و شرۆڤەکاریدا، کە مرۆڤەکە مەعریفەیەکی باش و زانیاریەکی فراوان و شارەزاییەکی ئەوتۆی هەبێت تاکوو بتوانێت گفتوگۆی فرە رەهەند بکات و مافەکانی پیادە بکات لە قۆناغی پەیڕەوکاریدا.

بۆیە بوونی کەسانی باوەڕکاڵ، یان باوەڕ كز، نەفامی، کەم مەعریفەیی، كاری ئەم مرۆڤە خاوەن مەعریفانە قورستر دەکەن و فەزایەکی جەنجاڵ لەدەوری هەر دیاردە و ڕووداوێک دەهێننە کایەوە، ئەمەش وا دەکات سەرچاوە و ئەساڵەتی ڕاستییەکان پشێوێت و گومان و دڵەڕاوکێ وەک تەموومژ بخاتە هزری خەڵکەوە.

سوكرات وتەیەکی زۆر پڕ مانای هەیە کە دەڵێ: لەگەڵ خەڵکی دەبەنگ گفتوگۆ و مشتومڕ مەکە، چونکە گەر کەسێک تۆ ببینێت لەگەڵ دەبەنگێکدا وتووێژ دەکەیت و بەردەوام شتەکان دووبارە دەکەیتەوە و بەڵگە دەهێنیتەوە و دەبەنگەکە هەر تێناگات، ئیدی كەسی بینەر وا تێدەگات كە دەبەنگەکە تۆی کە تێناگەی بەرامبەرەکەت دەبەنگە!